٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دەزگای خێرخوازیی بارزانی و، سوورەمانگی قەتەر، بە هەرەوەزی كاری خێرخوازی دەکەن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- بە مەبەستی ئاشنابوون بە كار و چالاكییەكانی هەردوو لا و، ئاڵشتی بیر و بۆچوونەكان لەسەر چۆنیەتیی هاریكاریكردنی زیاتری پەناخوازان لە هەرێمی كوردستان، شاندێكی ڕێكخراوی سوورەمانگی قەتەر، سەردانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی کرد؛ وایش بڕیارە بەو نزیکانە بە هەرەوەزی یەكەمین كاری خێرخوازانە لە سەرتانسەری كوردستاندا بکەن.
8/2/2015، شاندێكی ڕێكخراوی سوورەمانگی قەتەر بە سەرۆكایەتیی (لەتیف ڕەحمان) سەرڕاوێژكاری سوورەمانگی قەتەر، بە مەبەستی پتەوكردنی پێوەندییەكان و، خێرخوازیی هەرەوەزی لە هەرێمی كوردستان، سەردانی بارەگای دەزگای خێرخوازیی 'بارزانی'ـیان كرد و، (شێخ عەزیز شێخ ڕەزا) سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، پێشوازییەكی گەرمی لێیان کرد".
لە دیدارێكی نێوانیاندا شاندی میوان پوختەیەك لە كاروچالاكییەكانیان خستەڕوو؛ ئامانجی سەردانەكەیشیان ئاشكرا كرد كە ئامانجیانە لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی كاری هاوبەش و پێكەوە هاریكارییەکی زیاتری پەناخوازان بکەن. لە درێژەی وتەكانیدا سەرڕاوێژكاری ڕێكخراوی سوورەمانگی قەتەر، ئەوەشی ئاشكرا كرد، لە نزیكەوە ئاگاداری كاروچالاكییە بەرفراوان و بەردەوامەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانین و، "جێگای شانازیمانە بتوانین پێكەوە كاری خێرخوازانە بکەین، هاوكات ئاماژەی بەوەش كرد لە ئایندەیەكی نزیكدا بە هاوبەشی لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی (5000) پاكێتی كەلوپەلی زستانە بەسەر پەناخوازانی شارەكانی هەولێر و دهۆك و سلێمانیدا دابەش بکەن.
سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانییش، پاش بەخێرهێنانی شاندی میوان، سوپاسی كردن بەرامبەر ئەو متمانە و بەدواداچوونانەی كە بۆ دەزگای خێرخوازیی بارزانییان کردووە، دەیانەوێ بە هەرەوەزی کار بکەن، هاوكات ئامادەیی دەزگایشی نیشان دا بۆ ئەنجامدانی كاری گەورەتر بۆ پەناخوازان لە هەرێمی كوردستان لەگەڵ ڕێكخراوی سوورەمانگی قەتەر كە لە داهاتوویەكی نزیكدا چەندین پرۆژە لەپێناو خزمەتكردنی پەناخوازان جێبەجێ بکەن.

هەواڵی پەیوەندیدار