٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانی: هەرێمی كوردستان بەپێی دەستوور مامەڵەی لەگەڵ دۆسیەی نەوتدا كردووە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  لە كۆبوونەوەیدا لەگەڵ لیژنەی نەوت و گازی پەلەمانی عێراق، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی ئەو مافانەی لە دەستووری عێراقدا بۆ هەرێم هاتوون، لەگەڵ دۆسیەی نەوتدا مامەڵە دەكات و تا ئێستا هەرێمی كوردستان هەر لە دۆزینەوە و دەرهێنانەوە، تا دەگاتە ناردنەدەرەوە و فرۆشتنی نەوت، هیچ كارێكی نادەستووریی نەكردووە.


سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی)، نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە 8-2-2015، پێشوازیی لە لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراقی فیدراڵ كرد.

لە دیدارێكدا كە جێگری سەرۆكوەزیران و وەزیرە پەیوەندارەكان ئامادەی بوون، دواڕێككەوتنی هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدراڵ لەبارەی هەناردەكردنی نەوتەوە، پرسەكانی یاسای نەوت و گاز، ڕۆڵی لیژنەی نەوت و گاز لە چاودێریكردن و بەدواداچوونی ڕێككەوتنەكە و تەواوی دۆسیەی نەوت و گاز لە عێراق، هەماهەنگی و هاوكاریی نێوان هەردوولا، كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و هەوڵدان بۆ چارەكردنیان، تاوتوو كران.

(نێچیرڤان بارزانی) دووپاتی كردەوە كە هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی ئەو مافانەی لە دەستووری عێراقدا بۆ هەرێم هاتوون، لەگەڵ دۆسیەی نەوت مامەڵە دەكات و تا ئێستا هەرێمی كوردستان هەر لە دۆزینەوە و دەرهێنانەوە، تا دەگاتە ناردنەدەرەوە و فرۆشتنی نەوت، هیچ كارێكی نادەستووری نەكردووە و تەواوی پرۆسەكە و سیاسەتی نەوتیی هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان دامەزراون، بۆ ئەمەیش داوای كرد لیژنەكە هەرچی بەدواداچوونێك بە پێویست دەزانێت، بۆ تەواوی پرۆسەكە بكات.

هەروەها دووپاتی كردەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان پابەندی ڕێككەوتنەكەیەتی لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵ و هیوای خواست لەگەڵ حكوومەتی (عەبادی)، تەواوی كێشە هەڵپەسێراوەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵ چارە بكرێن. داوایشی لە لیژنەی نەوت و گاز لە پەر‌لەمانی عێراق كرد كە وەك لایەنی سێیەم هاوكاریی هەردوو حكوومەتی هەرێم و ناوەند بكەن و چاودێریی ڕیككەوتنەكە و پرۆسەی چارەكردنی كێشەكان بكەن، ئامادەیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیشی بۆ هەموو هاوكاری و هەماهەنگییەك دووپات كردەوە. 

لای خۆیانەوە، سەرۆك و ئەندامانی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، وێڕای خۆشحاڵییان بەم سەردانە و بە دیدار و كۆبوونەوەكانیان لە هەرێمی كوردستان، ستاییشی ئەم هەڵوێستەیان كرد و داوایان كرد هاوكاری و هەماهەنگیی بەردەوام لە نێوان ئەوان و لیژنەی نە‌وت و گاز لە پەرلەمانی كوردستان و وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان و لایەنە پەیوەندارەكانی هەرێمدا هەبێت و دووپاتیان كردەوە كە دەیانەوێت لەم خولەی پەرلەماندا بە شێوەیەكی كاراتر كار لەسەر پرسەكان بكەن و بۆ چاودێری و چارەكردنی كێشەكانی نێوان هەردوو حكوومەتی هەرێم و فیدراڵ، ڕۆڵێكی ئەرێنی بگێڕن و هەمووان پێكەوە بە شێوەیەك كە لە بەرژەوەندیی تەواوی عێراق و هەرێمی كوردستاندا بێت، كار بكەن.
 

هەواڵی پەیوەندیدار