٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەحمەد كانی: سەرۆك بارزانی متمانەی بۆ تاكی كورد گەڕاندەوە.. وڵاتانی جیهان بە كورد و پێشمەرگە سەرسامن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- بەرپرسی پەیوەندییە عێراقی و نیشتیمانییەكانی پارتیی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، بەشداریكردنی كورد لە كۆنگرەی میۆنیخ زۆر گرینگ بوو، چونكە شێوازی پێشوازیكردنی (سەرۆك بارزانی) زۆر تایبەت بوو. دەشڵێت، سەرۆك متمانەی بۆ تاكی كورد گەڕاندەوە و ئێستایش هەموو جیهان بە كورد و پێشمەرگە سەرسامن.

بەرپرسی پەیوەندیە عێراقی و نیشتیمانییەكانی پارتیی دیموكراتی كوردستان (ئەحمەد كانی) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی رایگەیاند، "كۆنگرەی میۆنیخ زۆربەی سەرۆكی وڵاتەكانی تێدا بەشدار بوون و ئەو وڵاتانەی كە كیانیان هەیە و كورسییان هەیە لە نەتەوە یەكگرتووەكان، بابەتی كۆنگرەكەیش لەسەر ئاساییشی جیهانییە، ئەوەیش بابەتێكی زۆر گرینگە، بۆیە بەشداریكردنی (سەرۆك بارزانی) لەو كۆنگرەیەدا ڕووداوێكی گەورە و مێژووییە، چونكە ڕەوشی ناوچەكە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق و كوردستان تایبەتە، بۆیە ئەو بەشدارییە خاڵێكی وەرچەرخانە لە گرینگیپێدانی  هەرێمی كوردستان و سەركە‌وتنی سیاسەتی هەرێمی كوردستان و (سەرۆك بارزانی)ـیە لە ئاست ڕووداوەكاندا".

(ئەحمەد كانی) گوتیشی، "خاڵێكی دیكەی گرینگ ئەوەیە كە (بارزانی) چەندان كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكی وڵاتان ئەنجام داون و هەموومان بینیمان لە كەناڵەكان كە چۆن بە گرینگییەوە پێشوازی لە (سەرۆك بارزانی) كرا، ئەمەیش ئەوە دەردەخات كە هەرێمی كوردستان جێی گرنگیپێدانە و جیهانیش بە كورد و پێشمەرگە سەرسامن، چونكە لەلایەن خودی سەرۆكی ئەڵمانیاوە بانگهێشتی فەرمیی (سەرۆك بارزانی) كراوە و لە داهاتوویشدا سەرۆك چاوی بە كۆمەڵێك سەركردەی دیكە دەكەوێت لە كاتێكدا خاڵكی گرینگ لەم سەركەوتنە ئەوەیە كە ئێمە وەك هەرێمی كوردستان ماوەی ساڵێكە لەلایەن بەغداوە مووچەمان لێ بڕاوە و ئابڵووقەیەكی ئابوورییان داوین، بۆیە لە سەردەمی (مالیكی)ـدا عێراق بەرەو زیانێكی گەورە چوو و ئەو زیانەیش پریشكی گەییشتە هەرێمی كوردستان بە شێوەیەك كە گەییشتە بڕینی قوتی خەڵك".

بەرپرسی پەیوەندییە عێراقی و نیشتیمانییەكانی پارتی راشیگەیاند، "(سەرۆك بارزانی) زۆر بە ڕوونی ئاماژەی بەوە داوە كە پێگەی كوردستان لە ناوچەكەدا دیارە و ئاستەمە جارێكی دیكە كورد لەو واقیعەی خۆی بگەڕێتەوە دواوە، بە تایبەت ئەمڕۆ هەموو دنیا باس لە كوردستان دەكات و پشگیری جیهان بۆ پێشمەرگە تا دێت فراوانتر دەبێت، هەندێك شتیش هەیە دەبێت هەڵوەستەی لەسەر بكرێت كە (سەرۆك بارزانی) ئاماژەی بەوە داوە شەڕی داعش زۆر قورستر بووە لە شەڕی ئازادكردنەوەی عێراق".
(ئەحمەد كانی) گوتیشی، "دەبێت وڵاتان ئەو ڕاستییە بزانن كە داعش نەك تەنیا مەترسییە بۆ عێراق، بەڵكە مەترسیە بۆ هەموو جیهان، بۆیە ئەگەر داعش لەسەردەستی پێشمەرگە بشكێت كە ئێستا شكاوە، ئەوا پێشمەرگە پەیامێكی جیهانی دەداتە دنیای دەرەوە، بەوەی پێشمەرگە لەبری هەموو جیهان شەڕی تیرۆر دەكات و دەرسێك دەداتە ئەو كەسانەی كە دەیانەویست هەرێمی كوردستان بەرەو دواوە بەرن".
ئەوەیشی خستە ڕوو كە، هەر لە زاخۆوە تا خانەقین ئێستا گەلی كوردستان یەكدەست و یەكدەنگن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و هەر مەترسییەك لەسەر كوردستان، كە ئەوەیش وەرچەرخانێكی گەورە بوو لە بزاڤی ڕزگاریی كوردستان و ئاسۆیەكی گەشیشی بۆ داهاتوو دەبێت.
دەشڵێت، "لە گوتارەی (عەبادی)ـیەوە بۆمان دەردەكەوێت كە عەقڵییەتی بەغدا لەوە تێدەگات ئەگەر دەیانەوێت عێراق بە یەكگرتوویی بمێنێتەوە، ئەوا دەبێت ژیرانە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكەن، لە كاتێكدا ئێمە هەر لە زووەوە چەمكی پێكەوەژیانمان بەرز كردووەتەوە".
(ئەحمەد كانی) ئاماژەیشی دا، "(سەرۆك بارزانی) هەمیشە هەوڵی ئەوەی داوە كە متمانە بۆ تاكی كورد بگێڕێتەوە، خەڵكانی بێگانە وا سەیری تاكی كورد نەكەن كە بزانن كورد لە ئاستێكی نزمدایە یان پلە دووە، بۆیە ئەگەر تاكی كورد لە سەردەمی ڕژێمە یەك لە دوای یەكەكان نەیتوانی كەسایەتیی خۆی دەربخات، ئێستا بە شانازییەوە كورد بووەتە نوێنەری هەموو جیهان بۆ لەناوبردنی تیرۆر و لە سەرتاسەری جیهانیش باسی كەسایەتیی تاكی كورد دەكرێت".

 

هەواڵی پەیوەندیدار