بەشارەتی: جگە لە پۆستی قایمقام ھیچ پۆستێکی دیکە وەرناگرین

ھەڵەبجە-KDP.info- بەرپرسی لقی ١٢ـی پارتی دەڵێت، سوورن لەسەر ئەوەی جگە لە پۆستی قایمقام، ھیچ پۆستێکی دیکە وەرناگرن؛ دەیشڵێت، ناکرێت لایەنێک بە ئارەزووی خۆی پۆست بەسەر لایەنەکاندا دابەش بکات، چونکە هێشتا ھەڵبژاردن لە ھەڵهبجە ساز نەدراوە.
بەرپرسی لقی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە ھەڵهبجە (فازڵ بەشارەتی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن کە لایەنەکان لەبارەی پۆستەکانی ھەڵهبجەوە رێککەوتوون و تەنیا پارتی ماوە ڕێک بکەوێ، ڕاست نییە؛ چونکە هێشتا رێککەوتنی کۆتایی نەکراوە و تەنیا لایەنەکان لە سلێمانی کۆ بوونەتەوە و رێککەوتن ماوە."
(فازل بەشارەتی) گوتیشی، "هێشتایش ئێمە سوورین لەسەر ئەوەی جگە لە پۆستی قایمقام یاخود پارێزگار، ھیچ پۆستێکی دیکەمان قبووڵ نییە، چونکە ئەمە بە مافی خۆمانى دەزانین و پێشتریش لایەنەکان لەسەری رێککەوتوون و ئەو پۆستە بە ئێمە دراوە، بۆیە جگە لەو پۆستانە نەبێت قبووڵی ناکەین، چونکە ئێمە دەمانەوێت خزمەتی خەڵکی پێ بکەین، نەک ئێمە بە پۆست رازی بکەن."
بەرپرسی لقی دوازدهى پارتی ڕوونیشی کردەوە، ئێمە بە پۆستی جێگری پارێزگار رازی نابین، چونکە جێگری یەکەم و دووەمی پارێزگار دراوە بە کۆمەڵ و یەکگرتوو و، لە تەوافقێکی سیاسیدا پۆستەکان دابەش کراون؛ بۆیە ئەوان ناتوانن بە ئارەزووی خۆیان پۆست بۆ ئێمە دیاری بکەن، چونکە ھەڵهبجە ھەڵبژاردنی تێدا نەکراوە و پێویستە بە تەوافوقی سیاسی پۆستەکان یەکلا بکرێنەوە."
(فازڵ بەشارەتی) دهشڵێت، نوێنەری ھەموو لایەنە سیاسییەکان لە ھەڵهبجە لەگەڵ تەوافوقی سیاسیدان، بەڵام سەرکردایەتیی لایەنەکان لە سلێمانی لەگەڵ ئەوە دانین.
(بەشارەتی) جەخت لە پێویستیی کۆبوونەوە و سازانی لایەنەکان دەکاتەوە و دەڵێت، "پێویستە ئەم ھەفتەیە دەست بە گفتوگۆ بکرێتەوە، چونکە ناکرێت خۆدزینهوه لە پۆستە ئیدارییەکان بدزرێتەوە و ١٦/٣ نزیک بووە و پێویستە یەکلا بکرێنەوە ئەو پۆستانە.
بڵند ئیبراھیم




