٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پێشمەرگە و شەڕڤانان هەر لە پێشڕەویدان.. داعشەکان بەرگری ناکەن

سەرچاوە: KDP.info

کۆبانێ-KDP.info-  فەرماندەی هێزەکانی پێشـەرگە و ئەفسەرێكی لە کۆبانێ دەڵێن، لە بەردەوامیی ئازادکردنی گوندەکانى کۆبانی، ژمارەی گوندە ئازادکراوەکان گەیشتووەتە ١١٠ گوند و دەیشڵێن، تیرۆریستان ئێستا بەرگری ناکەن و ڕووبەرێکی زۆری ناوچە داگیرکراوەکانیان ئازاد کردوون.

فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە کۆبانی (موسڵح زێباری) لەبارەی پێشڕەوییەكانیانەوە گوتی: "لە سێ‌ قۆڵەوە لە رۆژئاوا زیاتر لە 30كم و لە باشووریشەوە زیاتر لە 25كم، هەروەها لە رۆژهەڵاتی كۆبانیوە‌ بە دووری 25 كم لە تیرۆریستانی داعش پاك كراوەتەوە و لە دەستی هێزەكانی پێشمەرگە و شەڕڤاناندایە.

ئەو فەرماندەیەی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانی‌ دەربارەی ئەو زیانەی لە داعش دراوە گوتی: "بە دەیان تیرۆریستی داعش كوژراون؛ دوێنێیش‌ 12 تیرۆریستی داعش کوژران کە دەیانەویست بەرەو سنووری توركیا ڕابكەن  ".

لەبارەی پشتیوانیی هێزی ئاسمانیی هاوپەیمانانیشەوە دەڵێ: "فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانانی، رۆڵێكی باش دەبینن؛ هاوكاریێكی تەواومان دەكەن و هەركاتێك پێویست بكات دێن و بۆردوومانی مۆڵگەکانی تیرۆریستانی داعش دەكەن."

هاوکات نەقیب(ڕزگار بەھرام) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "ھێزە کوردیەکان لە کۆبانی بەردەوامن لە پێشرەویکردن و تاکو ئێستایش زیاتر لە ١١٠ گوند ئازاد کراون؛ هەڵبەت تیرۆریستان توانای بەرگریکردنیان نەماوە و هەر ڕادەکەن."

نەقیب(ڕزگار بەھرام) گوتیشی: "زۆرینەی گوندەکان بەبێ بەرگریکردن ئازادکراون و تیرۆریستان توانای شەڕکردنیان نەماوە و تەنیا دوێنی  لە شوێنێک بەرگرییان کرد و لەوێیش ١٥ تیرۆریست کوژران."

ئەو فەرماندەیەی ھێزی پێشمەرگە ڕوونیشی کردەوە، ھێزە کوردیەکان لە ھەموو قۆڵێکەوە بەردەوامن لە پێشرەویکردن و فڕۆکە جەنگییەکانیش بە چڕی مۆڵگەکانی داعش بۆردوومان دەکات و شەڕیش بەردەوامە.

بڵند ئیبراھیم- نەشوان بەرزنجی
 

هەواڵی پەیوەندیدار