وەزارەتی پێشمەرگە: هاوكارییەكانی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە بەردەوامە

هەولێر -KDP.info- ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، هاوکارییەکانی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەردەوامە؛ بە مەشق و ڕاهێنانی پێشمەرگە و ئاسمانەهێرش، بەڵام بایی ئەوەندە چەک و تەقەمەنییان نەناردووە دڵمان ئاو بخواتەوە.
(جەبار یاوەر) ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "هێزەكانی هاوپەیمانان بەرەوامن لە هاوكاریكردنی پێشمەرگەدا؛ هێزەكانی هاوپەیمانان هاوكاریمان دەكەن بە مەشقدادانی هێزەكانی پێشمەرگە و، بۆردومانکردنی داعش، بە تایبەت لەو كاتەی وا پێشمەرگە هێرش دەبات".
(جەبار یاوەر) دەیشڵێت، هێزی هاوپەیمانان بەردەوام هەندێك چەك و تەقەمەنی و پیتاکی سەربازی بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرن و بەردەوامن، بەڵام ئەو هاوكاریانە لەو ئاستەدا نییە كە ئێمە دەمانەوێت، چونكە ئێمە داوای هەندێك چەكی تایبەت و پێشكەوتوومان كردوە تاوەكو ئێستا ئەوانە دابین نەكراون، بەڵام بە گشتی سوودی زۆرمان لە هاوكارییەكانی هاوپەیمانان وەرگرتووە.
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە هێمای بۆ ئەوە كرد بڕیارە بەم نزیكانە هەندێك چەكی پێشكەوتووی هاوپەیمانان بۆ هەرێمی كوردستان ڕەوانە بكرێـت، گوتیشی: "سوپای عێراق زۆر یەك دوو جارێک تۆزێک تەقەمەنی و چەکی بۆ پێشمەرگە ناردوە، بەڵام ئەوەندە کەمە بۆ ئەوە ناشێ باسیشی بکەین".
(جەبار یاوەر) ڕوونی دەكاتەوە کە ورەی هێزی پێشمەرگە زۆر بەرزە و، دنیای سەرسام كردوە كە چۆن بەرەنگاریی تیرۆرستانی داعش دەبێتەوە؛ پێشمەرگە تاكە هێزە ڕاستەوخۆ شەڕی داعش دەكات.
یەحیا سابیر




