داعش لە میحوەری گوێڕ و مەخمووردا بە تەواوەتی جووڵەی لێ بڕاوە

هەولێر-KDP.info- جێگری سەرپەرشتیاری میحوەری مەخموور-گوێڕ دەڵێت، لەو دوو شەو و دوو ڕۆژەی ڕابردوودا فڕۆكە جەنگییەكان چاک داعشیان کوتاوە؛ لە ناوچەی گەیارەدا بیست ئۆتۆمبێلی داعشان زیاتریش تێک شکاوە و، شەستیشان لێ كوژراوە.
(ئاراس حەسۆ میرخان) جێگری سەرپەرشتیاری میحوەری مەخموور-گوێڕ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بەسترپێرێ تیرۆرستانی داعش تۆزێک جموجۆڵیان هەبوو، بەڵام لەو 48 سەعاتەدا هاوپەیمانان ئەوەندەیان بۆردوومان کردوونە، لە جووڵە کەوتوونە. دوێشەو لە ناوچەی (گەیارە) فڕۆكە جەنگییەكان زیاتر لە ٢٠ ئۆتۆمبێلی داعشیان تێک شکاندووە و، هەر هیچ نەبێ، شەستیشیان لێ کوشتوونە".
(ئاراس حەسۆ میرخان) ڕوونیشی كردەوە: "هیچ گومانێك لەوەدا نییە ئاقیبەتی تیرۆرستانی داعش مردن و لەناوچوونە؛ هاوپەیمانانی دژ بە داعش ڕۆژ بە ڕۆژ ڕۆڵی كاریگەرتر دەبینن لە شەڕەكەدا و، یارمەتی زیاتری هێزی پێشمەرگە دەدەن؛ وا ئێستا (سەرۆك بارزانی) لە وڵاتی ئەڵمانیایە بۆ بەدەستهێنانی چەك و هاوكاریی زیاتر بۆ هێزی پێشمەرگە.
(میرخان) پەیوەست بە ڕەوشی میحوەرەكەیان گوتی، ئێستا ڕەوشی میحوەری گوێڕ-مەخموور زۆر ئارامە؛ هێزەكانی پێشمەرگە بە ورەیەكی پۆڵایینەوە لە دواهەمین خاڵەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستاندان، تیرۆرستانی داعش لە جموجۆڵ كەوتوونە و ڕەوشیان زۆر خراپە، هاووڵاتیانیش لە ژیانی ئاسایی خۆیان بەردەوامن و، هیچ مەترسییەك لەسەر ژیانیان نییە.
سەرباز واحید




