لە سەعدییەدا نۆ تیرۆریستی داعش كوژران

سەعدیە-KDP.info- لە هەڵمەتێكی فراوانی هێزە ئەمنییەكان و چەكدارە شیعەكان لە سنووری شارەدێی سەعدییەدا، نۆ چەكداری داعش كوژران. لە ناوچەیەكی دیالەیشدا سێهەزار كەس چوونە ڕیزی چەكدارە شیعەكانەوە.
(سادق حوسێنی) سەرۆكی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، لە لێدوانێكدا بۆ ژمارەیەك كەناڵی راگەیاندن ئاشكرای كرد: "هێزە ئەمنییە عێراقییەكان و، چەكدارانی حەشدیشەعبی لە هەڵمەتێكی فراوان لە دەوروبەری سنووری شارەدێی سەعدییەدا نۆ چەكداری داعشیان کوشتووە".
(سادق حوسێنی) گوتیشی: "لە ناوچەی بەنداوی عوزێم لە سنووری پارێزگای دیالەیشدا هێزە ئەمنییەكان توانیویانە هێرشێكی داعش تێك بشكێنن و داویاننەتەوە دواوە".
ناوبراو لە درێژەی لێدوانەكەشیدا ئەوەی خستە ڕوو: "لەو چەند ڕۆژە، لە شارۆچكەی میقدادییەی پارێزگای دیالەدا، سێهەزار كەس چوونەتە ڕیزی چەكدارانی 'حەشدیشەعبی'ـیەوە کە شیعەنە".
ئێستا پارێزگای دیالە بە تەواوەتی لە دەستی هێزە ئەمنییەكاندایە و، چەكدارانی داعش لە چەند ناوچەیەكی زنجیرەچیای حەمرین و، سنووری نێوان پارێزگای دیالە و سەلاحەدیندا هەنە، بەڵام زۆر لاوازن.
كاروان جاف




