فازڵ میرانی: پێویستە لە لایەنی فکرییشەوە ڕووبەرووی داعش ببینەوە
سەلاحەددین-KDP.info- سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتیی دیموکراتی کوردستان (فازڵ میرانی) لەپێشوازی سیاسەتمەدار (حەسەن عەلەوی)ـدا ڕایگەیاند کە، پرسی چۆنیەتی ڕووبەرووبوونەوە لەگەڵ دیاردەی تیرۆر و، مەترسی و، هەڕەشەکانی ئەو دیاردەیەی ڕووبەرووی هێمنی و، ئاساییشی کۆمەڵگەی جیهانی بووەتەوە، پێوستە لە هەموو بوارێکدا رووبەڕوویان ببینەوە بە تایبەت لە لایەنی فکریییەوە.
ئەمڕۆ سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتیی دیموکراتی کوردستان (فازڵ میرانی) لە سەلاحەدین پێشوازی لە سیاسەتمەدار (حەسەن عەلەوی) کرد.
سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی وێڕای بەخێرهێنانی (حەسەن عەلەوی)، بەو سەردانەی دڵخۆش بوو؛ باسی پێشهاتەکانی کوردستان و عێراق کرا، بە تایبەت شەڕی پێشمەرگە و داعش".
لەلای خۆییەوە (حەسەن عەلەوی) پیرۆزبایی سەرکەوتنەکانی پێشمەرگەی لە گەل و حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد؛ سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدان کرد و، هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ برینداران خواست.
پاشان (فازڵ میرانی) پرسی چۆنیەتی ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ دیاردەی تیرۆر و مەترسی و هەڕەشەکانی ئەو دیاردەیەی ڕووبەرووی هێمنی و ئاساییشی کۆمەڵگەی جیهانی بۆتەوە، پێوستە لەهەموو بوارێکدا رووبەڕوویان ببینەوە بەتایبەت لە لایەنی فکرییەوە.
(میرانی) گوتیشی کە، ئەم شەڕە شەڕێکی ستەمکارانەیە کە بەرۆکی گەلەکەمانی گرتووە و، هەوڵی تێکدانی ئەمن و ئاسایش و، حکوومەتی هەرێمی کورستان و، دەستکەوتەکانی گەلی کورد دەدات کە بە گیانفیداییی پێشمەرگە و هەزاران شەهید بەدەست هاتووە.




