٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مووسا ئەحمەد: كوردستان پتر لە دوو ملیۆن ئاوارەی بە سەرجەم نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانەوە لە ئامێز گرتووە

سەرچاوە: KDP.info

ئەمەریكا-KDP.info- جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕایگەیاند، ئەگەر داعش لە عێراق و سووریا لە نێو نەبردرێن، ئەوا بێگومان زیان بە ئاساییش و ئارامیی هەموو وڵاتانی دنیا دەگەیەنن". دەشڵت كە (سەرۆك بارزانی) و ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان (مەسروور بارزانی) سەرەڕای هەموو مەترسییەكان، راستەخۆ سەرپەرشتیی بەرەكانی شەڕ دەكەن.

لە زانستگای بەناوبانگی جانز هاپكینز كە ساڵی ١٨٧٦ دامەزراوە، كۆبوونەوەیەك بۆ جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەڕێوە چوو كە تێیدا كۆمەڵێك رۆژنامەوان، دیپلۆماتكار و مامۆستا و قوتابیی زانكۆ و لێكۆڵەر و نوێنەری رێكخراو و باڵوێزخانەی چەند وڵات تێیدا بەشدار بوون و تیشك خرایە سەر كار و چالاكییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ پەنابەران و كاركردنی ئەو دەزگایە بە بێ جیاوازی ئەتنی و نەتەوەیی و ئایینی كە بەردەوام خزمەتی بە سەرجەم چین و تویًژە جۆراوجۆرەكانی كوردستان و عێراق گەیاندووە.
لە دەسپێكی ئەو كۆبوونەوەیەدا، دیپلۆماتكار و چالاكی مافی مرۆڤ (ساشا تۆپەریچ) وێڕای بەخێرهاتنكردنی ئامادەبووان گوتەیەكی كورتی سەبارەت بە كورد و كوردستان پێشكەش كرد و بە بایەخەوە باسی لە قارەمانیەتیی پێشمەرگەكان لە شەڕی دژ بە داعشدا كرد. ناوبراو كار و چالاكیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە گرینگ و پڕبایەخ بۆ خزمەتكردنی ئاوارەكان و كەسانی لێقەوماو و كەمداهات وەسف كرد.
دواتر جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی(مووسا ئەحمەد)، باسێكی لەسەر دیرۆكی كوردستان و ویست و داخوازییە دیموكراتیكەكانی خەڵكی كوردستان پێشكەش كرد. هەروەها لە درێژەی گوتەكەیدا باسی لەوە كرد كە كورد بەردەوام باوەڕیان بە پێكەوەژیان و فرەیی هەبووە و لەو پێناوەدا باجی زۆریان داوە. لەم بارەوە ئاماژەی بە شەڕی دژی داعش و حەوانەوەی پتر لە دوو ملیۆن ئاوارە لە هەرێمی كوردستان كرد كە سەر بە نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانن.
جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەم بارەوەیەوە ئاماژەی بە گوتەیەكی (سەرۆك بارزانی) لە بارەی مەسیحییەكانەوە كرد و گوتی، سەرۆك پێی ڕاگەیاندوون كە ئێوە خەڵكی رەسەنی ئەم هەرێمەن، ئەوەتا ئێمە هەموومان یان پێكەوە بە ئاشتی و برایەتی دەژین، یان وێكڕا دەمرین.
(مووسا ئەحمەد) داوای لە ئامادەبووان كرد كە هەر كەس لە لای خۆیەوە یارمەتی و پشتیوانیی كورد بكات بۆ ئەوەی لە شەڕ لەگەڵ داعشدا سەركەوتنی پتر بە دەست بهێنن، ئەو لەم بارەوە وێڕای سوپاسی هاوكارییەكانی ئەمەریكا و ئەورووپا، داوای كرد كە ئەو یارمەتی و هاوكاریانە وەكو پێویست نین و دەبێ زیاتر بكرێن.
(مووسا ئەحمەد) گوتیشی، ئەگەر داعش لە عێراق و سووریا لە نێو نەبردرێن، ئەوا بێگومان زیان بە ئاساییش و ئارامیی هەموو وڵاتانی دنیا دەگەیەنن".
جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەو كۆبوونەوەیەدا نەیشاردەوە كە (سەرۆك بارزانی) و ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان (مەسروور بارزانی) سەرەڕای هەموو مەترسییەكان راستەخۆ سەرپەرشتیی بەرەكانی شەڕ دەكەن.
لە بڕگەیەكی دیكەی ئەو كۆبوونەوەدا، شاندەكە وەڵامی پرسیاری ئامادەبووانیان دایەوە.
شایانی باسە لەسەر بانگهێشتی فەرمیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ویلاتەیەكگرتووەكانی ئەمەریكا، دەزگای خێرخوازیی بارزانی وەكوو تاكە دەزگای خێرخوازیی لە هەرێمی كوردستان و عێراق، چووەتە ئەمەریكا.

هەواڵی پەیوەندیدار