هەڵگورد حكمەت: چاوەڕوانین دوای ئەنجامی كۆنگرەی میۆنیخ، شەڕی داعش لەسەر ئاستی دنیادا بچێتە قۆناخێكی دیكەوە

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری راگەیاندن و رۆشنبیریی وەزارەتی پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت، بەشدرایكردنی (سەرۆك بارزانی) لە كۆنگرەی میۆنیخدا گرینگیی خۆی هەیە و جەنابی سەرۆكیش بە ئەجێندایەكەوە رۆییشتووە و وای خواستووە لە رووی دامەزراوەییەوە وەزیری پێشمەرگەیشی لەگەڵدا بێت بۆ ئەوەی بتوانن بە كرداری هەندێك هەنگاوی دیكە بنێن. دەشڵێت، "چاوەڕوانیمان ئەوەیە لە قۆناخی داواكاری و داخوازییەكانمان بچینە دەرەوە و بچینە قۆناخێكەوە كە هەموو ئەو داخوازیانەی لە رووی سەربازییەوە كردوومانن جێبەجێ ببن".
بەڕێوەبەری راگەیاندن و رۆشنبیریی وەزارەتی پێشمەرگە عەمید (هەڵگورد حكمەت)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "بانگهێشتكردنی جەنابی سەرۆك بۆ كۆنگرەی میۆنیخ دەروازەیەكی ئومێدبەخش بە رووی هەرێمی كوردستان و پێشمەرگەدا دەكاتەوە، لە چەند رۆژی رابردوویشدا لە لەندن كۆنگرەیەكی تری هاوشێوە بەسترا ئەگەرچی ئێمە ئەو كۆنگرەیەمان پێ گرنگترە، بەڵام بە هیچ نازناوێك كورد بەشداریی تێدا نەكرد، ئەمەیش نیگەرانیی لەلای هەموومان دروست كرد".
عەمید (هەڵگورد) ڕوونیشی كردەوە كە، "ئێستا بە ئومێدەوە سەیری دەرئەنجامەكانی ئەم كۆنگرەیە و بەشداریكردنەكەی جەنابی (سەرۆك بارزانی) دەكەین و دڵنیاین لەوەی كە دەرئەنجامی ئەو كۆبوونەوە و لێكنزیكبوونەوە و لێكتێگەیشتنانەی كە لەگەڵ تەواوی وڵاتانی بەشداربووی كۆنگرەكە ئەنجام دەدرێن، كاریگەریەكی زۆر ئەرێنی لەسەر داهاتووی پێشمەرگە و شەڕی دژی تیرۆر لە ناوچەكەدا دروست دەكەن".
بەڕێوەبەری راگەیاندن و رۆشنبیریی وەزارەتی پێشمەرگە گوتیشی، "سەرۆكی هەرێمی كوردستان هاوكات كە وەزیری پێشمەرگەیشی لەگەڵدایە، بۆ خۆی سەلمێنەری ئەو راستییەیە كە جەنابی سەرۆك بە ئەجێندایەكەوە رۆییشتووەو وای خواستووە لە رووی دامەزراوەییەوە وەزیری پێشمەرگەیشی لەگەڵدا بێت بۆ ئەوەی بتوانن بە كرداری هەندێك هەنگاوی دیكە بنێن".
پێوەست بە بەشداریی وڵاتانی بەشداربووی كۆنگرەی میونیخ و لە كاتی سەردانیان بۆ هەرێم و باسكردنی پێداویستیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان عەمید (هەڵگورد حكمەت) ئاماژەی دا، "لە ئەنجامی سەردان و هاتنی هەموو ئەو بەرپرسانەی وڵاتانی هاوپەیمان بۆ هەرێمی كوردستان و سەردانیكردنیان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، لەگەڵ هەموویاندا باسی جۆر و چەندایەتی و چۆنایەتیی پێداویستییەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كراوە و بە شێوەیەكی گشتییش لەگەڵ هەمووشیاندا بە نووسین پێداویستییەكانیان پێشكەش كراوە و لەگەڵ خۆیاندا بردوویانەتەوە بەو ئومێدەی كە پاش شرۆڤەكردنی ئەنجامێكی هەبێت و بە دەنگ داواكانمانەوە بێن، بەڵام هەتاكو ئێستا ئەم هەنگاوانە نەچوونە بواری پڕاكتیكەوە، لەبەر ئەوە ئێمە چاوەڕوانیمان ئەوەیە لە قۆناخی داواكاری و داخوازییەكانمان بچینە دەرەوە و بچینە قۆناخێكەوە كە هەموو ئەو داخوازیانەی لە رووی سەربازییەوە كردوومانن جێبەجێ ببن، چاوەڕوانییشمان ئەوەیە لەگەڵ دوائەنجامەكانی ئەو كۆنگرەیە خۆناخی شەڕی داعش لە هەرێمی كوردستان بە تایبەتیش لەسەر ئاستی تەواوی دنیادا بچێتە قۆناخێكی ترەوە و لەگەڵ هەنگاونانی بۆ قۆناخێكی تریش هێزی پێشمەرگەی كوردستان سوودمەند بێت و سەرەكیترینیشیان ئەوەیە كە جۆری هاوكارییەكان بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە رووی مەشق و راهێنان و دابینكردنی چەك و پێداویستیی سەربازییەوە ئەمانە هەمووی بە كرداری بكرێن و بە شێوەیەكی راستەوخۆ ئەم پێداویستیانە بگەیەنرێنە هێزی پێشمەرگەی كوردستان".
(هەڵگورد) باسی لەوەیش كرد كە، ئەگەر ئەم میكانیزمەی كە ئێستا هەیە، هەرچەندە میكانیزمێكی لاوازە بۆ جۆر و چەندایەتیی هاوكاریكردنەكە بەردەوام بوو و پێی نایە قۆناخێكەوە كە بچێتە قۆناخی دانوستانی وڵاتانی هاوپەیمان لەسەر ئەم بابەتە، ئەوا هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە دەرئەنجامدا پشكدار دەبێت و بەشی لە تەواوی ئەو هاوكاریانە دەبێت كە هاوپەیمانەتیی نێودەوڵەتی بۆ جەنگی دژی داعش تەرخانی دەكات.
بەڕێوەبەری راگەیاندن و رۆشنبیریی وەزارەتی پێشمەرگە، روونیشی كردەوە، "ئەگەر دەروازەی هاوكارییەكانی ئێمە لەسەر ئاستی عێراق بەو شێوەیە مایەوە و عێراق لە یەك چوارچێوەدا مامەڵەی لەگەڵدا كرا، تەنانەت لە چوارچێوەی عێراقیشدا پێویستە هێزی پێشمەرگەی كوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە مافی یاسایی خۆی بدرێتێ و پشكی خۆی بۆ دیاری بكرێت و چیتر بەو شێوەیەی ئێستا نەمێنێتەوە كە چاوەروانیمان ئەوە بێت وڵاتێك ژمارەیەك تەقەمەنی یان ژمارەیەك چەكمان بۆ بنێرێت، لەبەر ئەوەی شەڕێكی درێژخایەنە و پێویستی ئە ئالییەتێكی واهەیە هەم ئێمە بتوانین گەرەنتی ساڵانی داهاتووی شەڕی دەژەتیرۆرمان هەبێت و بەرچاوڕوونتر بین و هەم ئەم قۆناخەیش گۆڕانكاریی بەسەردا بێت".




