فڕاکسیۆنی پارتی مووچەی پلە تایبەتەکان دەوروژێنێتەوە

هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی فراکسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، بەھۆی پشووی یاسادانان نەتوانراوە ھیچ کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدرێت جگە لە کۆبوونەوەی ھەڵەبجە، بەڵام ھەرکاتێک پشووەکە تەواو بێت، ئەولەویەتی کاری پهرلهمان پڕۆژەیاسای کەمکردنەوەی مووچەی پلە تایبەتەکان دەبێت.
گوتەبێژی فراکسیۆنی زەرد لەپەرلەمانی کوردستان (محەممەد عەلی یاسین) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "ئەوان وەکو فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان پڕۆژەیاسایەکیان پێشکەش کردووە بۆ ئەوەی مووچەی پلە تایبەتەکان بە رێژەی ٢٠% کەم بکرێتەوە، بەڵام بەھۆی ئەوەی مانگی یەک و دوو پشووی یاسادانانە، نەتوانراوە کۆبوونەوەی پەرلەمانى لەسەر بکرێت و تەنیا پڕۆژەیاسای ئیدارەی ھەڵەبجە کۆبوونەوەی نائاسایی بۆ ساز درا و پەسەند کرا، ئەمەیش بۆ ئەوە بوو کە پێش ساڵیادی کیمیابارانکردنی، ھەڵەبجە ببێتە پارێزگا."
گوتەبێژی فراکسیۆنی زەرد گوتیشی: "سەرەتای مانگی سێ پشووی یاسادانان تەواو دەبێت و پڕۆژەیاسای کەمکردنەوەی مووچەی پلە تایبەتەکان لە ئەولەویەتی کاری ئێمە وەکو فراکسیۆنی پارتی دەبێت."
وەک (محەممەد عەلی یاسین) دەڵێ، مەبەستی ئەوان لەو پڕۆژەیاسایە ئەوەیە کە، دادپەروەری لە دابەشکردنی مووچەدا ھەبێت لە ھەرێمی کوردستان.
(یاسین) راشیگەیاند، لەئێستادا ناتواندرێت کۆبوونەوەی نائاسایی بۆ ساز بدرێت، چونکە پشووی یاسادانانە و ھەرکاتێکیش پشوو تەواو بوو، کار بۆ ئەو پڕۆژەیاسایە دەکەن.
بڵند ئیبراھیم




