سەرۆک بارزانی: سنووری نوێ بە خوێن دیاری دەکرێ.. داعش کەرکووکی پێ ناکەوێ

زوممار-KDP.info- سەرۆکی هەرێمی کوردستان(مەسعوود بارزانی) دەڵێ، ئەو سنووە جێماوانەی بەرەنجامی ڕێککەوتنی سایکس – پیکۆ، دەستکردن و سنووری نوێییش لە ناوچەکەدا، لەنێو وڵاتان و نێوانیاندا بە خوێن دەکێشرێنەوە؛ ئاماژە بە ئەو دۆخەی لە سووریا، یەمەن و وڵاتانی دیدا هەیە. جەختیشی کردەوە کە، عێراق بۆ مانەوە بە یەکگرتوویی پێویستی بە شێوازی دی هەیە. ڕایشیگەیاند، پێشمەرگە لە کەرکووک پێویستی بە هاوکاریی هیچ هێزی دی نییە.
(سەرۆک بارزانی) لە میحوەرێکی شەڕ دژ بە تیرۆرەوە قسەی بۆ ڕۆژنامەی "ئەلحەیات"ـی لەندەنی کردووە و وەها گوزارشتی کردووە کە، عەرەبی سوننەی عێراق زیانباری سەرەکیی ئەو شەڕەن کە داعش هەڵیگیرساندووە؛ چونکە شەڕەکە لە ناوچەکانی ئەواندا بەرپا بووە و شار و گوندەکانیان وێران دەبن. هانیشیان دەدا کە لە دژایەتیکردنی تیرۆر پەلە بکەن و سەرکردایەتییەکی سیاسی بۆ ئەو مەبەستە پێک بهێنن.
(بارزانی) لەو دیمانەیەیدا کە ڕۆژنامەکە ئەمڕۆ بڵاوی کردووەتەوە، دووپاتی کردووەتەوە کە، پێشمەرگە شکۆی داعشی شکاندووە، ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییەی لە ناوچەیەکی بەرفراوان وەدەر ناوە، ئاماژەیشی داوە، بۆ شکاندنی پشتی داعش پێویست بە چەکی قورس دەکات.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتیشی، ئەم شەڕەی دژ بە داعش، قورسترە لەو جەنگەی کە کورد دژ بە هێزەکانی (سەددام حوسێن) بەرپایان کرد؛ ددانیش دەنێ بەوەدا کە، داعش ڕێکخراوێکی گەلێک مەترسیدارە، نزیکەی ٥٠هەزار چەکداری لە عێراق و سووریادا هەیە. ڕایشیگەیاند "شارەزایانی وڵاتگەلی جیایان لەسەر ئاستی جیهان لەگەڵدان. ئەفسەری خانەنشینکراوی سۆڤیێتی پێشوو، لە ئۆزبەکستان و کازاخستان و تەتەر و چیچیانییەکانیان بردوونەتە ڕیزەکانیانەوە. پالستانی و ئەفسەری پێشووی سوپای عێراقیشیان لەگەڵن. ئەفسەری وڵاتانی عەرەبییش هەن چوونەتە نێویانەوە."
دەربارەی خاڵی بەهێزی داعشیش، (سەرۆک بارزانی) دەڵێ، "ئۆتۆمبێلی مینڕێژکراو کە خۆکوژەکان بە کار دێنن و بۆمبی چێندراو و قەنناسەکانیان، هەروەها دیققەت لە بەکارهێنانی تۆپدا کە هۆکارەکەی ئاامدەیی کۆنەئەفسەرانی شارەزان." بیری هێنایەوە کە، بە شکستی چەندان فیرقەی سەربازیی عێراق، داعش چەک و تەقەمەنیێکی زۆری دەستکەوت و ١٧٠٠ هەمەری گولـلەنەبڕی ئەمەریکایی کەوتە دەست، ئەەم سەرباری ئەو چەک و تەقەمەنییەی لە سوپای سووریای دەستکەوتووە.
(سەرۆک) دەگێڕێتەوە کە، هەندێکی ئەفسەرانی پێشمەرگە، لە پێناوی پاراستنی گیانی پێشمەرگەدا بە ئۆتۆمبێلەکانیان خۆ بە ئۆتۆمبێلەکانی داعشدا دەکێشن و شەهید بوون؛ ئاماژەیشی دا کە، پاش گەییشتنی مووشەکی میلان لە وڵاتی ئەڵمانیاوە، دۆخەکە گۆڕاوە.
هاوکات ددان دەنێ بەوەدا کە، گورزە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانان کە لە مۆڵگەکانی داعشی دەوەشێنن، کاریگەریی هەبووە، ئاماژەیشی دا کە، بێ ئەو پشتیوانییە جەنگەکە زۆر درێژە دەکێشێ و زیانی مرۆیی زیاتر بە دوای خۆیدا دەهێنێ. (سەرۆک بارزانی) جەختیش دەکاتەوە، ئێران لە پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان دەستپێشخەری کردووە و دوو فڕۆکەی بارهەڵگر چەک و تەقەمەنی بۆ هەولیر ڕەوانە کردووە و ئێتسایش ناو بە ناو هاوکارییەکانی ڕەوانە دەکات.
ئاشکرایشی کرد کە ویستوویەتی ئەو باوەڕە لای سەرۆکوەزیرانی پێشوو(نووری مالیکی) پێک بێنێ کە داعش لە هەوڵدایە شتێک بەرانبەر بە مووسڵ بکات، پاش شکستی چەندان نامە بۆی لە ڕێی کەسانی دیکە، (سەرۆک) خۆپی پێوەندی پێوە دەکات و (مالیکی)ـیش لە وەڵامدا دەڵێ، "دۆخەکە لەژێر کۆنترۆڵیدایە." ئاماژەیشی داوە کە، مامەڵەی (مالیکی) نیشانی دا کە بوغزێکی شاراوەی بەرانبەر بە کورد هەیە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایشیگەیاندووە کە، بە هۆی پێشهات و ڕووداوە خێراکانەوە، هێشتا نەتوانراوە لەگەڵ سەرۆکوەزیران(حەیدەر عەبادی)ـدا یەکدی ببینن، هیوایشی خواست کە، لە بەغدا بێ یاخوود هەولێر دیداریان هەبێ. ئەو ئەزموونەی (عەبادی)ـیشی لە بەڕیوەنردنی وڵاتدا بە دوادەرفەت بۆ دەربازکردنی عێراق ناو برد، جەختیشی کردەوە، عێراقی پێشوو شکستی برد، وڵایش بۆ بەیەکگرتووی مانەوەی پێویستی بە شێوازێکی دی لە بەڕیوەبردن هەیە.
(سەرۆک بارزانی) هاوکات چوونی هەر هێزێکی بۆ نێو کەرکووک ڕەت کردەوە و ڕایگەیاند "پێشمەرگە پێویستی بە هێز نییە پشتیوانی بکات" و دووپاتیشی کردەوە "کەرکووک بە دەستئی داعش ناکەوێ."
ئاامژەیشی دا، داعش لەسەر ئەو باوەڕە نەبووە کە شکست بە مووسڵ ببات، بەڵام شکستی چەندان فیرقەی سەربازیی عێراق بەو خێراییە، هێزی دژ بە پرۆسەی سیاسیی هان دا، لە نێویاندا حیزبیی بەعس کە لەگەڵ داعشدا ببێتە هاوپەیمان و لە داگیرکردنی ناوچەیەکی فراواندا ڕۆڵ ببینێ.
جەختیشی کردەوە، لێدان لە دەستکەوتەکانی گەلی کورد، لە ئەولەویەتی ئەجێندای داعشە. (سەرۆک بارزانی) لەو دیمانەیەیدا کە درێژەی لە بەشی عەرەبییی KDP.infoـدا بڵاو بووەتەوە، هاوکات باس لە چۆنیەتیی پشتیوانیی پێشمـەرگە دەکات لە بەرگریکارانی کۆبانی.




