کۆنفرانسی ئاسایشی جیهانی لە میونیخ، داوای پاڵپشتیی زیاتر بۆ پێشمەرگە دەکات

میۆنیخ-KDP.info- لە یەکەم ڕۆژی دەسپێکردنی کۆنفرانسی ئاسایشی جیهانی لە میونخ، ئەمڕۆ شەممە، باسی دابینکردنی چەک و پێداویستیی سەربازیی زیاتر کرا بۆ کوردستان و، داعش بە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ هەموو جیهان زانرا.
لە ڕاپۆرتێکی (ڕۆیتەرز)ـدا هاتووە، پێشمەرگەی کوردستان شەڕی داعش لە عێراق و سووریا دەکات، چەندین ناوچەیەیان لەژێر دەستی داعش ڕزگار کردووەتهوە، پێوێستە ڕۆژئاوا چەک و پێداویستیی زیاتری سەربازی بۆ کوردستان دابین بکات.
لە ڕاپۆرتەکەدا (یوڤاڵ ستێنیتز) وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل داوای لە ڕۆژئاوا کرد پێویستە چەکی زیاتر دابین بکرێت بۆ کوردستان و، میسر و، ئەردەن و، بەشێکی دیاریکراو لە ئۆپۆزسیۆنی سووریا.
هەر لە میانەی کۆنفرانسەکەدا داوا کراوە پێدوایستییە سەربازییەکان لە جۆری پاڵپشتی چەکی مۆدێرن و، پاڵپشتیی دارایی بن.
هەروەها (جێنز ستۆلتنبێرگ) سکرتێری گشتیی ناتۆ گوتی، داعش و گرووپە توندڕۆکان هەڕەشەیەکی گەورەن، بەدکارانە توندوتیژییەکانی بە هەموو ناوچەکاندا بڵاو کردووەتەوە، "هەڕەشەکانیان گەیشتوونەتە شەقامەکانی ئێمە، بەڵام تاکو ئەو جێگایەی کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کاریگەر بێت و، ئامادە بێت بۆ لێدانیان ئەوا هێز و، پتەویی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ئاستیاندا بە براوە دەمێنێتەوە."
شیاوی گوتنە، (سهرۆك بارزانی) سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە یاوەریی شاندێک بەشداری کۆنفرانسەکەیە و، لەوێ لە چەندین چالاکی و پانێڵ و گفتوگۆدا بەشدارە، کە قسە و گوتاری هەرێمی کوردستان دەگەیەننە بەشداربووانی کۆنفڕانسەکە.
و/ خالید ئەحمەد




