كوبانی..پێشمەرگە و شەڕڤانان ٥ گوندی دیکەیان کۆنتڕۆڵ کردنەوە

کۆبانی-KDP.info-فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانی دەڵێت، ئەمڕۆ هەینی پێشمەرگە و شەڕڤانان پێنج گوندو بەرزاییەكی ستراتیژییان لەدەوروبەری ئەو شاردە کۆنتڕۆڵ کردەوە..هاوکات دەشڵێت کە، تیرۆریستانی داعش گوندەکانیان چۆڵ کردوون.
فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانی عەمید (موسڵح زێباری) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی رایگەیاند کە، ئەمڕۆ بەیانی پێشمەرگە و شەڕڤانان پێکەوە توانیویانە ٥ گوند لە دەوروبەری کۆبانی کۆنتڕۆڵبکەنەوە و، هەروا لە باشوور و رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی ئەو شارەیشدا لە پێشڕەوی دان.
(موسڵح زێباری) ناوی ئەو گوندانەی هێنا کە ئازادیان کردوون و بریتین: "لە رۆژهەڵاتەوە توانرا گوندی عەین بەت و كیلی كە گوندی گەورەن بە دووری زیاتر لە 20 كیلۆمەتر لە كۆبانی دوورن کۆنتڕۆڵ بکرێن، هەروا لە رۆژئاوادا گوندی بۆبانی سەروو و خواروو، لەگەڵ گشت بەرزاییەكانی ئەو دوو گوندە كە شوێنێكی یەکجار ستراتیژیییە و پێنج کیلۆمەتر درێژە و؛ شوێنکەوتەی جیوگرافی وا هەڵکەوتووە کە پشتی ئەو دووگوندەی داوە، کۆنترۆڵ کرا، لە باشوورییشەوە گوندی تەل غەزاڵ کە ١٥ کیلۆمەتر لە کۆبانی دوورە ئەو گوندەیش کۆنتڕۆڵ کرا.
پێوەست بە هۆکاری ئەو پێشڕەویانەی پێشمەرگە و شەڕڤانان عەمید (موسڵح) دەڵێت، داعش گوندەکانی چۆڵکردوون و ئێمەش پێشڕەوی دەکەین و کۆنتڕۆڵیان دەکەینەوە.
نەشوان بەرزنجی




