پێشمەرگە ٧ گوندی دەوروبەری وانکێی ئازاد کردن

وانکێ-KDP.info- ئەمڕۆ هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان وانکێیان کردە ناونیشانێکی دیکەی سەرکەوتنی هیزی پێشمەرگە و؛ لە ئێستادا ناحیەی وانکێ و ٧ گوندی ئەو سنوورە بەتەواوەتی لە تیرۆریستانی داعش پاک کراونەتەوە.
دوای ئەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان ئەمڕۆ سەرکەوتنێکی مێژوویان لە وانکێ تۆمار کرد؛ کارگێری لقی چواردەی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ (محیەدین مزووری) ناوی تەواوی ئەو گوندانەی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستان راگەیاند کە لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانەوە ئازاد کراون و گوندەکانیش بریتین لە: "موشڕەف، دوانش، دواسە، مەسرەی کۆن، مەسری نوێ، دیرم توسە و کفرج".
لە لێدوانێکی پێشووتری بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستان فەرماندەی پێشمەرگە لە وانكێ موقەدەم ( سەلمان جەمال) رایگەیاند کە؛ پێشمەرگە گورزێکی گەورەی لە وانکێ لە داعش وەشاند و زیاتر لە ١٥٠ تیرۆریستی داعش کوژران .سەبارەت بە زانیاری نوێیشەوە لەبارەی سەرکەوتنی هیزی پێشمەرگەی کوردستان لە دەڤەری وانکێ، (محیەدین مزووری) دەڵێ، پێشڕەوی هێزی پێشمەرگە بەردەوامی هەیە و؛ هەروا پێوەست بە ئاماری کوژراوانی داعش رایگەیاند کە، فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانانیش لەکاتی شەڕەکەدا بۆردومانی تیرۆریستانی کردوون، بۆیە زیانێکی یەکجار زۆر گەورە بە داعش کەوتووە و؛ لەبەر ئەوەی ئاماری ئەو داعشانەی بە بۆردومانی فڕۆکە کوژراون بەتەواوەتی نەگەیشتووەتە دەستمان، بۆیە لە دەمێکی دیکەدا تەواوی زیانەکانی داعش رادەگەیەنین.
بڵند ئیبراھیم




