پۆڵۆنیاییەکان کاروانێکی یارمەتیی مرۆیی ڕەوانەی دهۆک دەکەن

پۆلۆنیا-KDP.info- خەڵکی پۆڵۆنیا لە کۆکردنەوەی هاوکاریی مرۆیی بۆ ئاوارە و لێقەوماوانی هەرێمی کوردستان بەردەوامن. دووشەممه 2ـی فبرایەریش کاروانێکی تری هاوکاریی مرۆیی لە پۆڵۆنیاوه بۆ کامپی ئاوارەکانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان بەڕێ کەوت.
ئەمجارەیش بارهەڵگرێکی گەورەی یارمەتی که پڕە لە کەلوپەلی زستانەی پێویست: 786 کارتۆنی پڕ له جلوبەرگی گەرم، پێڵاو، بەرگ و بەتانی. هەمووی پێکەوه بڕەکەی 16 تەنە.
کاروانەکه ڕەنگه 7 یان 8ـی فبرایەر بگاته شوێنی مەبەست. له شوێنی دابەشکردنی هاوکارییەکه، دەزگای خێرخوازیی بارزانی هاوکاری دەکات.
SOS For Life ڕێکخەری سەرەکیی کۆمەکه مرۆییەکەیه، کە ماوەی چەند مانگێکه لە هەوڵی بێوچاندایه بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ ئاوارەکان و، پێشتریش بەشداری کردووە له ناردنی دوو کاروانی دیکەی کۆمەکی مرۆیی لە وڵاتی پۆڵۆنیاوه.
ئەوه کۆمەکێکی تری هاوکارییەکانه کە له پۆڵۆنیاوه بۆ کوردستان دەچێت. یارمەتیەکانی پێشوو له مانگی ئۆگەست و نۆڤەمبەر به ڕێگای ئاسمانی گەیشتنه فڕگەی نێودەوڵەتیی هەولێر، له مانگی دیسێمبەریش دوو بارهەڵگر بە ڕێگای وشکانی گەیشته شاری دهۆك.
ئەوه دواکاروانی یارمەتییەکان نییه بۆ ئاوارەکانی کوردستان و وەک (زیاد ڕەووف) نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان له پۆڵۆنیا بەردەوام دەبێت لە هەوڵ و کۆششەکانی لەگەڵ ڕێکخراوه حکوومی و ناحکوومییەکانی وڵاتی پۆڵۆنیا، هەروەها لەگەڵ بەڕێوەبەری دەزگای خێرخوازی SOS for Life قەشە (یاگێرسکی)، کە هەواڵی ناردنی کاروانی تری کۆمەکی بۆ کوردستان ڕاگەیاند. هەڵمەتی بانگەوازی و کۆکردنەوەی یارمەتییه مرۆییەکان بەردەوام دەبێت لە ڕێگەی دیدار و چاوپێکەوتنەکانی نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان له پۆڵۆنیا لە میدیا و دەزگاکانی ڕاگەیاندن و هەروەها چاوپێکەوتنی لەگەڵ دەستەڵاتدارانی دەوڵەت و کاربەدەستانی حکوومەتی خۆجێیی و نوێنەرانی کڵێسا و ڕێکخراوه خێرخوازییەکان.




