٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پێشمەرگە وانکێی ئازاد کرد.. زیاتر لە 20 تیرۆریست کوژراون

سەرچاوە: KDP.info

وانکێ-KDP.info.info-  ھێزەکانی پێشمەرگە، ئەمڕۆ لە دوو قۆڵەوە ھێرشیان بردە سەر تیرۆریستان لە ناحیەی وانکێ و، لە ئاکامدا ئەو شارەدێیە بە تەواوەتی ئازاد کرا و لە تیرۆریستان پاک کرایەوە.

بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموکراتی کوردستان لەموسڵ(عیسمەت رەجەب) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "٩ـی ئەم بەیانییە، ھێزی پێشمەرگە، لە دوو قوڵەوە، لە باشوور و باکوورەوە ھێرشی بۆ سەر شارەدێی وانکێ بەرپا کرد، سەرەتا توانرا رێگەی گوندی دێر ئەمتوسە لە باشوورەوە بگرن و ھاتووچویان قەدەغە کرد، دواتر لە باکووری شارەدێکەوە ھێزی پێشمەرگە چوونە ناو وانکێ و، کەمێک پێش ئێستا توانرا وانکێ بە تەواوەتی ئازاد بکرێت و تیرۆرستانی داعشی لێ وەدەر بنێن."

(رەجەب ) گوتیشی، شەوی رابردوو فرۆکە جەنگییەکانی ھاوپەیمانان کۆبوونەوەیەکی تیرۆریستانی داعشیان کردە ئامانج لە سادە و بەعوێزە، لە ئاکامدا بەرپرسی داعش لە سادە و بەعوێزە بە ناوی (ئەبو سلێمان) و چوار لە یاریدەدەرەکانی کوژران."

هاوکات موقەدەم (سەلمان جەمال) فەرماندەی پێشمەرگە لە وانكێ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی، ئەمڕۆ بەیانی هێزەكانی پێشمەرگە لە سنووری شارەدێی وانكێ هێرشیان كردە سەرچەكدارانی داعش، دوای زیاتر لە 3 سەعات شەڕ و پێكدادان، هێزەكانی پێشمەرگە توانییان چەكدارانی داعش تێك بشكێنن و زیاتر لە 20 تیرۆریست بكوژن و بە دەیانی دیكەیش بریندار بكەن و، لاشەی چەند چەكدارێكیشیان پێ جێ بهێڵن.

(سەلمان جەمال) گوتیشی، هێزەكانی پێشمەرگە لە پێشڕەوی زیاتردان.

(سەلمان) جەختیشی كرد، چەكدارانی داعش ترسیان لێ نیشتووە، هەر كاتێك هێزەكانی پێشمەرگە هێرش بكەنە سەر تیرۆریستان لە ماوەیەكی كەمدا تیرۆریستان ڕاو دەنێن و ناوچەکانیان لێ پاك دەكەنەوە.

 

رابین شێروانی - بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار