پێشمەرگە و شەڕڤانان پەنجا گوندیان ئازاد کردن.. داعش گوندەکانی چۆڵ کردوون

هەولێر-KDP.info- فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانی عەمید (موسڵح زێباری) دەڵێت، تا ئێستا توانیومانە پەنجا گوند لە کۆبانی کۆنتڕۆڵ بکەینەوە..هەروا گوتیشی کە داعش گوندەکانی دەوروبەری کۆبانی چوڵ کردوون.
فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانی عەمید (موسڵح زێباری) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت کە، ئەمڕۆ لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگە و شەڕڤانان دوو گوندی دیکەی کۆبانی کۆنتڕۆڵکرانەوە، ئەو دوو گوندە شوێنکەوتەی جوگرافیان دەکەوێتە رۆژئاوای كۆبانی بە دووری 20 كیلۆمەتر و ناوی گوندەکانیش بریتیین لە: سۆشانی خواروو و ژوور و؛ لەگەڵ بەرزاییەكانی پشتەوەی ئەم دوو گوندەش کۆنتڕۆڵ کراون، لە ئێستایشدا ژمارەی گوندە ئازاد كراوەكان بوون بە پەنجا گوند.
(موسڵح زێباری) ئاماژەیشی کرد کە، مەترسی داعش لەسەر کۆبانی نەماوە، ئێمە کاتێ پێشڕەوی دەکەین دەبینین کە تیرۆریستان گوندەکانیان چۆڵکردوون و؛ تەنانەت چەکەکانیشیان جێ هێشتوون.
نەشوان بەرزنجی




