٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەگوێرەی پڕۆژەیاسای ئیدارەی ھەڵەبجە رێککەوتنی نێوان یەکێتی و گۆڕان ھەڵوەشاوەتەوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەڵەبجە-KDP.info-بەرپرسی لقی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە ھەڵەبجە دەڵێت، بەپێی پڕۆژەیاسای ئیدارەی ھەڵەبجە وەزیری ناوخۆ راسپێردراوە کە سەرپەرشتی پێکھێنانی ئیدارەی ھەڵەبجە بکات و رێککەوتنەکەی نێوان گۆڕان و یەکێتیش ھەڵوەشاوەتەوە و؛ پێویستە لایەنەکانی ھەڵەبجە رێککەوتن بکەن.

ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان (نازم ھەرکی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی گوت کە،  لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان لە ھەڵەبجە پڕۆژەیاسای ئیدارەی ھەڵەبجە پەسەند کرا کە گرینگی تایبەتی ھەبووە و تاوەکو ھەڵبژاردن دەکرێت ئیدارەیان بۆ دروست دەکرێت.
(نازم ھەرکی) گوتیشی، پێشتر لایەنەکان لەسەر ئەو پڕۆژەیاسایە رێککەوتوون کە لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رەوانە کراوە بۆ پەرلەمان، بۆیە ئەمڕۆ بە زۆرینەی دەنگ پەسەند کرا.
لای خۆشیەوە بەرپرسی لقی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە ھەڵەبجە (فازل بەشارەتی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، بەگوێرەی ئەو پڕۆژەیاسایەی ئەمڕۆ کە پەرلەمان بۆ ئیدارەی هەڵەبجە پەسەندی کرد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان راسپێردراوە کە ئیدارەی ھەڵەبجە پێکبێنێت، ئەمەیش بە رێککەوتن لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی ھەڵەبجە.
(فازل بەشارەتی) گوتیشی، بەگوێرەی ئەو پڕۆژەیاسایە رێککەوتنی نێوان یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان ھەڵوەشاوەتەوە و پێویستە لایەنەکانی ھەڵەبجە رێککەون، بۆیە ئێمە وەکو پارتیی دیموکراتی کوردستان تاوەکو ئێستا جەخت دەکەینەوە کە پێویستە رێککەوتنی پێشوو جێ بەجێ بکرێت.
(بەشارەتی) ڕوونیشی کردەوە، من پێوەندیم بە وەزیری ناوخۆ کردووە و باسی لەوەکردووە لەماوەیەکی نزیکدا بۆ یەکلایی کردنەوەی ئەو پرسە، کۆبوونەوەیەک لەگەڵ لایەنەکانی ھەڵەبجە دەکات
بڵند ئیبراھیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار