بە فەرمی بڕیار نەدراوە وەزارەتی کارەبا بخرێتە سەر وەزارەتی سامانە سروشتییەکان

هەولێر-KDP.info-دوای بڵابوونەوەی دەنگۆی ئەوەی کە ھەردوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکان دەبن بە یەک وەزارەت، سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، ئەمە تەنھا دەنگۆیە و؛ تا ئێستا ھیچ بڕیارێکی فەرمیی نییە.
سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان (شێرکۆ جەودەت) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی گوت، دەنگۆی ئەوە ھەیە کە ھەردوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکان بکرێن بە یەک وەزارەت، بەڵام تا ئێستا بڕیارێکی فەرمی بۆ ئەو هەنگاوە نییە و تەنیا دەنگۆیە.
(شێرکۆ جەودەت) گوتیشی، بەرای من یەکخستنی ئەو دوو وەزارەتە کارێکی باش نییە، چونکە ئەرکەکان قورستر دەکات و ئەمانە زیاتر پێویستیان بە بنیاتنانەوە و چاکسازی قوڵ ھەیە، بۆیە دوو وەزارەت بن باشترە.
(جەودەت) کە ھاوکات ئەندامی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی یە ڕوونیشی کردەوە، ئێمە وەک یەکگرتووی ئیسلامی تاوەکو ئێستا ئاگادار نەکراوینەتەوە لەوەی ئەو دوو وەزارەتە یەک بخرێن.
ئەمەیش لەکاتێکدایە، کە چەند سەرچاوەیەکی ھەواڵ بڵاویان کردەوە کە وەزارەتی کارەبا نامێنێت و دەخرێتە سەر وەزارەتی سامانە سروشتییەکان.
بڵند ئیبراھیم




