لە ٢٣ ساڵی رابردوودا ١٤ هەزار هاووڵاتی هەرێم بوونەتە قوربانیی مین و تەقەمەنی
هەولێر-KDP.info- لە ساڵی 1991 تا كۆتایی ساڵی 2014 لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 14 هەزار و 500 هاووڵاتی بەهۆی مین و تەقەمەنی گیانیان لە دەست داوە و كەمئەندام بوون، تەنیا لە ساڵی رابردووشدا لە سنووری پارێزگای هەولێر 8 هاووڵاتی بەهۆی مین و تەقەمەنی كەمئەندام بوونە و گیانیان لە دەستداوە.
بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كاروباری مینی هەولێر (زێبار خالید) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانب گوت:"
لە ساڵی 1991 تا ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 14 هەزار و 500 هاووڵاتی بەر مین و تەقەمەنی كەوتوون، لەو ڕێژەیەدا 8 هەزار هاووڵاتی بریندار و كەمئەندام بوونە، زیاتر لە 6 هەزار هاووڵاتیش گیانیان لە دەست داوە، تەنیا لەساڵی رابردوویشدا لە سنووری پارێزگای هەولێر 8 كەس بەر مین و تەقەمەنی كەوتوونە، لەو ڕێژەیە 6 كەس بریندار بوونە و دوو كەسیش گیانیان لە دەست داوە. زۆربەی ڕووداوەكانیش لە دەڤەری سۆران بوون، بە هۆی ئەوەی زۆرترین ناوچەی مینڕێژكراو لە سنووری پارێزگای هەولێر دەكەوێتە ئەو ناوچەیە".
(زێبار خالید) گوتیشی: لە ساڵی رابردوودا لە سنووری پارێزگای هەولێر 17 كێلگە لە مین و تەقەمەنی پاككراونەتەوە، هەروەها هەر لەو ماوەیەدا 2015 مینی جۆراوجۆر لەناو براون و 1712 مینیش پوچەڵكراونەتەوە.
بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كاروباری مین لە هەولێر ئاشكراشی كرد، پاككردنەوەی ئەو كێلگانە لە مین و تەقەمەنی و پاشماوەی جەنگ، بایەخ و گرینگی خۆیان هەیە، وێرایی ئەوەی كاریگەری و مەترسی لەسەر ژیانی هاووڵاتیانی كوردستان كەم دەبێتەوە، لە هەمان كاتیشدا هاووڵاتیان دەتوانن لە داهاتوودا ئەو شوێنانە بە سەلامەتی بەكاربهێنن و سوودی لێوەربگرن.
رابین شێروانی




