ڕۆیتەرز: کورد خەونی سەربەخۆیییان هەیە و، کاریشیان بۆی کردووە

هەولێر-KDP.info- لە ڕاپۆرتێکی (ڕۆیتەرز)دا هاتووە بە درێژایی زیاتر لە (١٠٠٠) کیلۆمەتر، هێزی پێشمەرگە لە سەنگەری بەرامبەر داعشدایە، ئەوان وەکو چاوی خۆیان سنوورەکەیان لە داعش دەپارێزن.
لە ڕاپۆرتەکهدا هاتووە، کوردان لە ساڵی (١٩٩١)ـەوە بۆ خۆیان خۆ بەڕێوە دەبەن، زۆریش ئاسوودە و خۆشحاڵ دیارن، ئێستا ئەوەندەی نەماوە خەونە گەورەکەیان بێتە دی، خەونی سەربەخۆیی؛ ئەگەرچی هەڕەشەی داعشیان لەسەرە، بەڵام ئەوان سنوورەکانی خۆیان لە هەموکات باشتر قایمتر دەکەن.
لە ڕاپۆرتەکەی (ڕۆیتەرز)دا دوو چیرۆک باس دەکات، یەکەمیان چیرۆکی ژیانی خەڵکی سنوورەکەی داعش لەو بارەیەوە نووسیویەتی، سوننەکانی مووسڵ چیرۆکی سەربڕین و، لەداردان و، لێدان و، بەردباران تا مردن لە شوێنە گشتییەکاندا دەگێڕنەوە، لەوێ جگەرە کێشان و، سەیرکردنی فیلم و یاریی تۆپی پێ و، هەموو جۆرەکانی هونەر قەدەغەن.
لەوێ قوتابخانەکان هەر لە دایەنگەکانەوە کوڕ و، کچ دەبێت جیا بکرێنەوە، کوڕەکان بە زۆر دەبەن لە کەمپەکاندا مەشقیان پێ دەکەن و، دەیانکەنە چەکدار.
بەڵام چیرۆکەکەی تر باسی کوردستانە، ئەوێندەرێ جیاواز لە هەموو عێراق و ناوچەکەی داعشیش، نەک تەنیا سەربەخۆیی سیاسیی تێدا بەرجەستە بووە، بەڵکو وا خەریکە پەرە بە بواری دیموکراسی و، ئابووری و، کولتووری و، هزری و، ئاوەدانکردنەوەیش دەدەن.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە لەگەڵ هاتنی داعشدا ئەگەرەکانی سێپارچەبوونی عێراق بەهێزتر بووە؛ کورد و، سوننە و، شیعە. ئەوانەی ڕۆیتەرز چاوپێکەوتنی لەگەڵدا کردوون هەرهەموویان پێیان وا بووە بۆ عێراق، سێپارچەبوونەکە باشترین چارەیە.
لە ڕاپۆرتەکەدا باسی دۆخی عێراق دەکات و لەوبارەیەوە نووسیویەتی، کوردان لە تاکێکی ئاساییەوە تاکو دەگاتە سەرکردەکانیان پێیان وایە عێراق ناتوانێ یەکگرتوو بمێنێتەوە، بەڵگەشیان ئەو دۆخە نالەبارەیە کە عێراقی تێ کەوتووە.
کورد خەونی سەربەخۆیییان هەیە و، لە ڕووی سیاسی و ئابورییشەوە کاریان بۆی کردووە، هەڵبەت باوەڕیشیان بە سێ هەرێمی فیدراڵی کورد و، سوننە و، شیعە هەیە. لەوانەیە بۆچوونەکانیان بۆ پاشەڕۆژی عێراق زۆر لە جێی خۆیدا بێت.
و/ خالید ئەحمەد




