شەشۆ: پارتی بۆ ڕزگاركردنی شنگال، شەوی داوەتە دەم ڕۆژەوە

شنگال-KDP.info- فەرماندەی پێشمەرگە لە شنگال (قاسم شەشۆ) دەڵێت، پارتی شەوی داوەتە دەم ڕۆژەوە بۆ ڕزگاركردنی شنگال، ئێستا 65% خاكی سنووری شارۆچكەی شنگال ئازاد بووە، ئەوەی ماوە لە داهاتوویەكی نزیكدا ئازاد دەكەین و؛ ڕێگە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ سەر ماڵەكانیان دەكەینەوە.
فەرماندەی پێشمەرگە لە شنگال (قاسم شەشۆ) بە ماڵپەڕیی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: "لەكاتی هاتنی داعش بۆ شنگال زۆربەی لایەنەكان دەیانگوت خەتای پارتی بوو شنگال كەوتە دەست تیرۆستان، بەڵام دوای هاتنی (سەرۆك بارزانی) بۆ بەرەكانی شەڕ و سەرپەرشتیكردنی ئۆپەراسیۆنەكان و ڕزگاركردنی 65% خاكی سنووری شارۆچكەی شنگال هەموو ئەو لایانانە بێدەنگیان هەڵبژارد و، هیچیان پێ نەما بیڵێن، چونکە زانییان کە پارتی بە خوێن بەرگری لە شنگال دەکا و شەویشی داوەتە دەم ڕۆژەوە کە شنگال ئازاد بکرێتەوە؛ ئەوانەی وایان دەگوت خەتای پارتییە، بۆیان دەرکەوت کە کێیە بەرگری لە شنگال دەکات".
ئەو فەرماندەیە بە دەم قسەکانیەوە گوتیشی: "دوای ئازادكردنی ئەو ناوچانەی دەكەونە سنووری شارۆچكەی شنگال، خەڵكی ئەو ناوچانە دەستیان كردووە بە گەڕانەوە و، تا ئێستا زیاتر لە چلهەزار کەس گەڕاونەتەوە بۆ سنوونێ و كۆمەڵگەكانی دەوروبەر و، وا زیاتریش دێنەوە؛ ئاخر چاک دەزانن (سەرۆك بارزانی) ناهێڵێت ئەو ناوچانە بكەوێتەوە دەست تیرۆرستان، بەڵكو ئەو بەشەی شنگالیش ماوە ئازاد دەكرێت".
( قاسم شەشۆ) ئاماژەیشی کرد، ئەوە دوو ڕۆژە شنگال ئارامە و؛ شەڕ دامرکاوەتەوە، چاوەڕێ بن لە داهاتوویەكی نزیكدا، کە فەرمانمان پێ بكرێت، شنگال ئازاد دەکەینەوە.
ڕابین شێروانی




