گروپی ئاشتیی ژنانی سەرکردە، داوای بەشە پۆستی ئافرەتان دەکا لە ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا

هەولێر-KDP.info- گروپی ئاشتیی ژنانی سەرکردە لە کوردستان لە 'بیرەوەرێک'ـدا داوا دەکەن لە دابەشکردنی پۆستەکانی پارێزگاکانی کوردستاندا، ڕەچاوی پشکی ئافرەتانیش بکرێت.
دەقی بیرەوەرەکە
دەمێكە پارتە سیاسییەكانی كوردستان لە گفتوگۆكردندان بۆ پێكهێنانی حكوومەتە خۆجێییەکەی پارێزگاكان و، ئاڵوگۆڕكردنی پشكەكانیان بە پێی سەنگی هەڵبژاردن. بە پێی زانیارییەكان خەریكە دانوستاندنەكان لەو بارەیەوە دەگاتە قۆناغی كۆتایی. بۆ دابەشكردنی پۆستەكان بەسەر هێزە سیاسییەكاندا، چەند پێوەرێك دیاری كراوە، جا بەر لەوەی كە دەست بە دابەشكردنی پۆستەكان بکرێت و، بۆ چالاكاندن و، جووڵاندنی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان و، بایەخدان بە گشت بوارێک، بە تایبەتی پرسی ئافرەتان و کاڵکردنەوەی جیاكاریی ڕەگەزی، ئێمەی (گرووپی ئاشتیی ژنانی سەركردە لە كوردستان) بەو بیرەوەرە، وێڕای دەربڕینی ناڕەزایی لەو لایەنە سیاسییانە كە لە ڕەوتی دانوستاندنەكاندا، بە دەگمەن نەبێ، ژنانی ناو پارتەکەی خۆیشیانیان نەبردووەتە دانوستاندنەكانەوە، دەنگی خۆمان دەگەیێنینە گشت بەڕێزان (سەرۆكی هەرێمی كوردستان، سەرۆكی حكوومەت، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و ئەنجوومەنی پارێزگاكانی (هەولێر، سلێمانی و دهۆك) و، سەركردایەتیی پارتە سیاسییەكانی كوردستان) و، دەڵێین كە زۆر پێویستە:
١- لە دابەشكردنی پۆستە ئیدارییەکانی هەموو پارێزگایەكدا پشكی ئافرەت لە یاد نەكرێت و، لە دیاریكردنی پاڵێوراو بۆ پۆستەكان لە حكوومەتە خۆجێییەکەی پارێزگاكاندا، ئافرەتانیش لەبەرچاو بگیردرێن.
٢- لەبەر زیندووبوونی كەیسی ژنان لە كوردستاندا و، ناهاوسەنگبوونی مافی ژن و پیاو لە كۆمەڵگاكەماندا و، ئەو دەیان و سەدان پێشێلكاری و جیاكاری و توندوتیژییەی وا بووەتە باو و، ژنانی پێ دەچەوسێننەوە، وەکچۆن لە پەرلەماندا، پێویستە لێژنەی كاروباری ژنان هەیە، لە ئەنجوومەنی پارێزگاكانیشدا دابمەزرێت.
گرووپی ئاشتیی ژنانی سەركردە لە كوردستان




