٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ماددەی پێنجی دژ بە دەستوور بووە.. سەرۆکی هەرێم یاسای دەستپاكى ڕەت کردووەتەوە‌

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر -KDP.info-  جێگری سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مافی خۆیەتی یاسای دەستپاکی رەت کردووەتەوە، چونکە پێچەوانەی دەستووری عێراق بووە و، "ئێمەیش وەکو فراکسیۆنی پارتی پێشتر دژی بووین، بەڵام بە زۆرینەی دەنگ پەسەند کرا."

ئەم بۆچوونەی سەرەوە لە کاتێکدایە کە، راوێژکاری راگەیاندنی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان(تارق جەوھەر سارمەمی) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "یاسای دەستپاکی لەلایەن سەرۆکی ھەرێمی کوردستانەوە گەرێندرایەوە پەرلەمانی کوردستان و رەت کرایەوە."
یاساکە ژمارە ٧ساڵی ٢٠١٤بوو و، دیوانی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان نووسراوێکی لە ٢٩/١/٢٠١٥ـدا ناردوویەتی و بەپێی ئەو دەسته‌ڵاته‌ی سەرۆکی ھەرێم ھەیەتی، بڕیاری داوە بە رەتکردنەوەی ئەو یاسایەی پەرلەمانی کوردستان لە دانیشتنی ٢٦/١١/٢٠١٤ـدا ھەمواری کردووە و بە نووسراوێک لە ١٥/١/٢٠١٥ـدا بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمانی رەوانە کردووە.

(تارق جەوھەر سارمەمی) گوتیشی، ئەو یاسایە رەوانەی پەرلەمان کراوە بۆ ئەوەی چاو بە ماددەی پێنجیدا بخشێندرێتەوە؛ وەک ئەو گوتی گەڕاندنەوەیشی لەبەر چەند ھۆکارێک بووە و ھۆکارەکانیش دیاری کراون، یەکێکیان ئەوەیە کە ناکرێت ئەحکامی ئەو یاسایە پیادە بکرێت بەسەر ھەموو کەسێکی ھەرێم لەوانە سەرۆکەکانی دەسه‌ڵاتی یاسادانان وجێ بەجێکردن.

لای خۆیشیەوە جێگری سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی کوردستان (ئەنەس دۆسکی) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "لە ھەرێمی کوردستان سێ دەسته‌ڵاتی جیامان ھەن کە جێبەجێکردن و یاسادانان و دادوەریه‌، بۆیە دامەزراندنی دادوەر و سوێندنخواردنیان لە دەستەی دەستپاکی پێچەوانەی دەستوورە و لە کاتی خۆی لیژنەکەی ئێمە لەگەڵ ئەوە نەبووین کە لەمادەی پێنجدا ھاتووە، بەڵام زۆرینەی پەرلەمانتاران لەگەڵی بوون وپەسەند کرا."

(ئەنەس دۆسکی) گوتیشی، "مافی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانە یاساکەی رەت کردووەتەوە، چونکە ئەو ماددەیە دەستووری نییە و ئێمەیش وەکو فراکسیۆنی پارتی لەگەڵ ئەوە نەبووین، چونکە دامەزراندنی دادوەر لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای دادوەرییەوە دەبێت نەک دەستەی دەستپاکی، بۆیە دەمانزانی رەت دەکرێتەوە."

(دۆسکی) بەپێویستیشی زانی ئەو ماددەیە کە بە ھۆیەوە یاساکە رەت کراوەتەوە، ھەموار بکرێتەوە.

بڵند ئیبراھیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار