بەریتانیا..کاروانێکی کۆمەککردن بۆ ئاوارەکانی نیشتەجێی هەرێم بەڕێوەیە

بەریتانیا-KDP.info- دەزگای خێرخوازی ویلینگبڕۆی بەریتانیایی کاروانێکی کۆمەککردنی بۆ ئاوارەکانی نیشتەجێی هەرێم بەڕێکردووە و؛ لە دوو هەفتەی دادێ کاروانەکە دەگات.
ماڵپەڕی تەلگڕافی نورسهامپتن ڕایگەیاند، لەسەر داوای ئافرەتێک بۆ هاوکاریکردنی ئاوارەکانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاوارەییەکی زۆری پەناداوە و؛ ئەرکێکی زۆری لەسەرە، ئەو داوایە لەلایەن بەشی خێرخوازی کەنیسەکانی بەریتانیاوە پێشوازییەکی باشی لێ کرا.
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، دەزگای خێرخوازی ویلینگبڕۆ بە کۆکردنەوەی هاوکارییەکە هەستاوە و زیاتر لە (١٠٠٠) کارتۆن لە جلوبەرگ و بەتانی و پێخەفی کۆکردووەتەوە و، بۆ هەرێمی کوردستانی بەرێکردووە و؛ لە دوو حەفتەی دادێ کەلوپەلەکان دەگەن.
بەرپرسی کۆگای فینۆکس (ئەندریو ڕیچاردسن) گوتی، ئێمە کاتێ گوێمان لە داواکە بوو دەسبەجێ پێشوازیمان لێ کرد، ئەوە یەکەمجار نییە هاوکاری بۆ ئاوارەکان دەنێرین، پێشتریش بۆ سووریا و، هیندستان و، پاکستان و، ئەفغانستان و، بەنگڵادیشمان ناردووە، بەڵام هیچیان هێندەی ئەو داوایە بۆ ئاوارەکانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان گەرموگوڕی و بە پیرەوەهاتنی خەڵکی پێوە دیار نەبووە.
جاران کاتێک بانگەوازمان بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری دەکرد؛ ڕۆژانە دوو تا سێ شتمان بۆ دەهات، بەڵام ئەو جارە لەبەرئەوەی بۆ کوردستان بوو، ڕۆژانە ٢٠ جار شتومەکمان بۆ هاتوو، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هەرێمی کوردستان لە جیاتی هەموو جیهان شەڕ دەکات.
و/ خالید ئەحمەد




