ئه‌رمه‌نستان كونسوڵگەری گشتیی له هه‌ولێر ده‌كاته‌وه

هەولێر-KDP.info- باڵیۆزى كۆمارى ئه‌رمه‌نستان له عێراق (كارین گرێگۆریان) لە میانی سەردانی بۆ هەولێر و؛ دیداری لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی کوردستان (نێچیرڤان بارزانی) رایگەیاند کە، کونسوڵگەری گشتیی وڵاتەکەیان لە هەولێر دەکەنەوە.
نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه رێککەوتی 3-2-2015 سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان (نێچیرڤان بارزانى)، پێشوازى له باڵیۆزى كۆمارى ئه‌رمه‌نستان له عێراق (كارین گرێگۆریان) و شاندێكى یاوه‌رى كرد.
له دیدارێكدا به‌ره‌وپێشبردنى پێوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و كۆمارى ئه‌رمه‌نستان تاوتوو كران و رۆشنایی خرایه سه‌ر نزیكیى كه‌لتوورى و كۆمه‌ڵایه‌تیى نێوان خه‌ڵكى كوردستان و ئه‌رمه‌نستان و داكۆكى له‌سه‌ر خواستى دوولایه‌نه بۆ بره‌ودان به پێوه‌ندییه‌كان له بوارى جیادا كرایه‌وه. هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه باڵیۆزى ئه‌رمه‌نستان له عێراق ڕایگه‌یاند، مانگى حوزه‌یرانى داهاتوو كونسوڵخانه‌یه‌كى گشتیى ئه‌رمه‌نستان له هه‌ولێر ده‌كه‌نه‌وه و به‌ر له‌وه‌ش له كۆتاییى ئه‌م مانگه‌وه، هه‌فتانه دوو جار گه‌شتى ئاسمانیى ڕاسته‌وخۆ له نێوان هه‌ولێر و یه‌ریڤانى پایته‌ختدا، ئه‌نجام ده‌ده‌ن.
لاى خۆیه‌وه (نێچیرڤان بارزانى)، خۆشحاڵیى خۆى بۆ ئه‌م هه‌نگاوانه‌ى كۆمارى ئه‌رمه‌نستان ده‌ربڕى و هه‌موو هاوكارى و پشتگیرییه‌كى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى بۆ به‌جێگه‌یاندنى ئه‌م بڕیارانه پیشان دا. دووپاتیشى كرده‌وه كه، هه‌رێمى كوردستان به خۆشحاڵییه‌وه پێشوازى له خواستى سه‌رمایه‌داران و وه‌به‌رهێنه‌رانى ئه‌رمه‌نستان بۆ كاركردن و وه‌به‌رهێنان له هه‌رێمى كوردستان ده‌كات و هه‌موو ئاسانكارییه‌كیان پێشكه‌ش ده‌كات.




