گەرمیان..تیرۆریستێکی داعش دەستگیر کرا

گەرمیان-KDP.info-لە لایەن هێزەكانی پۆلیسی گەرمیانەوە لە نێو شاری كەلاری ناوەندی گەرمیان تیرۆریستێك دەستگیركرا كە، ئەو تیرۆریستە بەهۆی رادەستكردنی دوو هاووڵاتی بەرەگەز كورد بە تیرۆریستانی داعش لە لایەن دادگاوە داواكراو بوو.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی گەرمیان موقەدەم (حەسەن محەممەد) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، تیرۆریستێک ناوی (عەلی بورهان مەولود) کە بەڕەگەز كوردە و دانیشتووی شارەدێی جەلەولایە، لەکاتی داگیرکردنی جەلەولا لەلایەن داعش، ئەو تیرۆریستە ئاوارەی شارەدێی كۆكس لە سنووری شاری كفری دەبێت، بەڵام دواتر بە شێوەیەكی نهێنی پێوەندی بە ڕێزەكانی داعشەوە دەكات.
موقەدەم (حەسەن) ئاماژەیشی کرد، ئەو تیرۆریستە و دوو هاوڵاتی كوردی جەلەولا كە لەشارەدێی كۆكس ئاوارەن، بەفێڵێك و بەبیانووی باشبوونی دۆخی ئەمنی شارۆچكەكە بردوویانەتە جەلەولا و رادەستی داعشیان کردوون؛ دواتریش لە لایەن تیرۆریستانی داعش هەردووكیان گوللەباران کراون و شەهید کران، لەسەر ئەم تاوانەش لە لایەن دادگای كفرییەوە بە پێی ماددەی 3ی تیرۆر فەرمانی گرتن بۆ ئەو تیرۆریستە دەرچوێندرا.
ئەوەشی راگەیاند، چەند رۆژێك لەمەوبەر لە لایەن مەفرەزەكانی بەشی جوڵانی بنكەی پۆلیسی كۆكسەوە توانرا لە نێو شاری كەلار ئەو تیرۆریستە دەستگیربکرێت و دواتر لەبەردەم دادوەری ڵێكۆڵینەوەدا ددانی بە تاوانەكەیدا نا.




