داعش گوندەکانی دەوروبەری کۆبانیی چۆڵ کردوون

هەولێر-KDP.info- سەرچاوەیەکی باڵای هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان رایگەیاند کە، تیرۆریستانی داعش گوندەکانی دەوروبەری کۆبانییان چۆڵ کردوون و؛ قورساییەکی ئەوتۆیان نەماوە و هیزەکانی پێشمەرگەیش لەگەڵ شەڕڤاناندا بوێرانە لە پێشڕەویدان.
سەرچاوەیەکی باڵای هیزەکانی پێشمەرگە کە نەیویست ناوی ببرێت، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، زانیاریی تەواویان دەستخستووە کە تیرۆریستانی داعش تێکڕای گوندەکانی دەوروبەری کۆبانییان چۆڵ کردوون.
سەرچاوەکە، رۆڵی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانی لە ئازادکردنی کۆبانی بەرز نرخاند کە، بوێڕانە بە ئەرکیان هەڵسان و؛ توانییان لە پاڵپشتیکردنی رۆژئاوای کوردستان لەگەڵ شەڕڤانان بەتایبەت لە کۆبانیدا رۆڵی قارەمانانە بگێڕن و؛ ئەو شارە دوای جەنگێکی زیاتر لە ١٠٠ رۆژە ئازاد بکەن، بەڵام وەک باسی کرد، تێبینی دەکرێت تیرۆریستانی داعش گوندەکانی دەوروبەری کۆبانییان چۆڵ کردوون و؛ قورساییی هێزەکانیان لە گوندەکاندا نەهێشتووە و پێشمەرگە و شەڕڤانانیش ٤٠ گوندیان ئازاد کردووە.
هەروا فەرماندەی هێزەکانی پێشمەرگە لە کۆبانی (موسڵح زێباری) لە لێدوانێکی پێشووتری بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستان رایگەیاندووە، داعش لە گوندەکانی کۆبانی رووبەڕووی پێشمەرگە و شەڕڤانان نابنەوە و؛ تەنیا بەربەستێک هەبێت ئەوەیە کە داعش گوندەکانیان مینڕێژ کردوون، ئەگەرنا بە ئاسانی دەتواندرێت گوندەکان ئازاد بکەنەوە.




