ھەرێم پارەی ھەیە بۆ مووچەی فەرمانبەران..گۆڕینهوهی پارەكه لە دۆلارهوه بۆ دینار کاتی دەوێت

ھەولێر_kdp.info_ جێگری سەرۆکی لیژنەی 'سامانە سروشتییەکانى پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، ھەرێمی کوردستان پارەی ھەیە بۆ ئەوەی مووچە دابەش بکات، بەڵام تاوەکو پارەکە لە دەرەوە دەگات و، لە دۆلارەوە دەکرێتە دینار کاتی پێویستە، ھەر بۆیە دابەشکردنی مووچە دوا کەوتووە.
(دڵشاد شەعبان) جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکان و، ئەندامی 'لیژنەى دارایی' پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھەرێمی کوردستان لە ئەڵمانیا و ھاڵک بانکی تورکیادا ژمارەی حیسابی ھەیە و، ھەر کاتێک نەوتی خۆی دەفرۆشێت پارەکە دەچێتە ئەو ژمارەحیسابەو؛ لە ئەمەریکایشدا ژمارەی حیسابی ھەیە، بەڵام بۆ پارەی نەوت نییە و، بۆ کاری ئیدارییە، خۆی لەبەر پەیوەندییەکەیان، ئەو ژمارەحیسابە کراوەتەوە لەوێ، ئەگینا پارەی نەوت ناچێتەوە ئەمەریکا."
(دڵشاد شەعبان) گوتیشی؛ "ھەرێمی کوردستان سەدملیۆن دۆلاری لە ئەڵمانیا ھەبووە کە پارەی فرۆشتنی نەوتە و، مابووەوە و، ڕەوانە کراوەتەوە بۆ ھەرێمی کوردستان؛ بە پەنجاملیۆن دۆلار لەو پارەیە، مووچەی مانگی ١١ دەدرێ و، پەنجاملیۆنەکەی دیکەیشی، مووچەی مانگی ١٢ـی پێ دەدرێ.
جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکان گوتیشی: "ئەڵمانیا تەنیا مامەڵە لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتیدا دەکات و، لە ھەرێمی کوردستان مامەڵە لەگەڵ بانکی کوردستاندا دەکات؛ لە بانکی کوردستانیشدا سندووقێک دانراوە بە ناوی مووچە، ھەر بڕە پارەیەک لە فرۆشی نەوت بگاتەوە، دەخرێتە ئەو سندووقەوە و، مووچەی پێ دەدرێت. بۆیە ھەرێم بۆ مووچە نەبێ کە لەو پارەیە دەیدات، بە ھیچ شتێکی دیکەی نادات."
ئەندامی لیژنەی دارایی ڕوونیشی کردەوە، کە پارەکە دەگاتە ھەرێمی کوردستان، پێویستە رەوانەی بەغدا بکرێت بۆ ئەوەی لە دۆلارەوە بکرێتە دینار.
(دڵشاد شەعبان) ڕایشیگەیاند: "ڕەوتی ھاتنی پارە لە دەرەوە و، گۆڕینی پارەکە، کاتی زۆری دەوێت، ئەگەرنا پارە ھەیە مووچەی پێ بدرێ و، رەنگە تاوەکو دوو حەفتەی دیکە کاری پارەگۆڕینوەکە تەواو بێت و، مووچە بدرێت."
بڵند ئیبراھیم




