پێشمەرگە سەرکەوتنەکانی داعشی راگرت

ئەمەریکا-KDP.info- سەرکەوتنەکانی هێزی پێشمەرگە بە بەردەوامی لەنێو مێدیای ئەمریکا جێگەی بایەخن و؛ سەعاتیک بەر لە ئێستا ژمارەیەک ماڵپەڕی بەناووبانگی ئەو وڵاتە باسیان لەوە کردووە کە، هێزەکانی پێشمەرگە سەرکەوتنەکانی داعشی راگرت؛ ئیدی داعش مەترسی بۆ سەر ئاساییشی هەرێمی کوردستان نەماوە.
داعش وەک پەیمانگای واشنتن باسی کردووە، "رێکخراوێکی تیرۆریستی توندڕۆ بە ئیمکانیاتێکی گەورە بۆ شێواندنی مرۆڤایەتی و ناشرینکردنی مرۆڤەکان لە رۆژهەڵاتی ناوین لەژێر ئایدۆلۆژیایەکی دینیی دەرکەوتوون"، لە سووریا و عێراقدا وا بە دیارکەوتن کە ئیدی لە توانایاندایە تێکڕای رۆژهەڵاتی ناوین بخەنە ئاژاوەیەکی سەخت و وڵات دوای وڵات شانەی تیرۆری لێدابنێن و داگیریان بکەن، بەڵام وەک ماڵپەڕی myrtlebeachonline نووسیویەتی کە، هێزەکانی پێشمەرگە لەسەر زەوی رووبەڕووی داعش بوونەوە و، توانییان هەرێمی کوردستان لە مەترسیی داعش بپارێزن و سەرکەوتنەکانی داعشیان راگرت.
هەر پێوەست بە داعش، ماڵپەڕی ستراتیژی پەیجی ئەمریکایی لە ڕاپۆرتێکدا لەسەر داهاتووی داعش نووسیویەتی کە، ئەو داعشەی لە ناوەڕاستی ساڵی ڕابردوو زۆر بە بەهێزی دەرکەوتن، لە سێ مانگی رابردوودا شتەکان گۆڕان و؛ پێچەوانە بوونەوە بە جۆرێک ئاراستەی سەرکەوتنەکانی داعش گۆڕا کە لە ئێستادا دەگوترێت زۆرینەی سەرکردەکانی ئەو رێکخراوانە کوژراون. ماڵپەڕەکە ئاماژەی بە سەرکەوتنی هیزی پێشمەرگەی کوردستان کردووە کە بوێرانە سەرکەوتنی گەورەیان بەسەر تیرۆریستانی داعش تۆمار کردووە، پێشمەرگە بە پاڵپشتیی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانی توانییان لە رووبەرێکی زۆری خاکدا داعش وەدەربنێن و؛ خاکێکی زۆر لەژێر دەستی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییەدا رزگار بکەنەوە.
لە راپۆرتەکەی ستراتیژی پەیج روون کراوەتەوە کە، داعش لە عێراق و سووریادا چیتر ناتوانن سەرنجی خەڵکی بە دوای خۆیاندا رابکێشن؛ هەڵبەت شکستە بەردەوامەکانی ئەو رێکخراوە و؛ رەفتارە نامرۆڤایەتییەکانیان وایکردووە رووی راستیی کار و بەرنامەکانیان لای خەڵک بە دیار بکەوێت و؛ ئیدی خەڵک لەئێستادا بۆی دەرکەوتووە کە موسوڵمانی راستەقینە و تیرۆریستی بەناو ئیسلام چییە و لێکی جیا دەکەنەوە.
ئەم ماڵپەڕە ئاماژەی بە ژمارەیەک راپرسی کردووە کە، لەو ناوچانەی خەڵک لەژێر دەستی داعش دەژین پرسیار ئاراستەی خەڵک کراوە، لەوێدا خەڵک گوتوویانە کە لە رەفتارەکانی داعش بێزار بوون.
و/ خالید ئەحمەد




