پێشمەرگە زیاتر لە ٨٣٦ داعشی کوشتووە

مووسڵ-KDP.info- تەنیا لەمانگی رابردوودا هیزەکانی پێشمەرگە گورزی گەورەیان لە داعش وەشاندووە و؛ بە گوێرەی زانیارییەکانی بەرپرسی راگەیاندنی لقی چواردەی پارتیی دیموكراتی كوردستان، هیزەکانی پێشمەرگە زیاتر لە ٨٣٦ داعشیان کوشتوون.
بەرپرسی راگەیاندنی لقی چواردەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ (سەعید مەموزینی)، زیانەکانی تیرۆریستانی داعشی لەماوەی مانگی رابردوودا ئاشکراکرد و؛ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت، بە گوێرەی ئەو ئامارانەی دەستمان خستوون، لە ماوەی مانگی رابردوودا زیاتر لە 836 تیرۆرستی داعش لەسەر دەستی هێزی پێشمەرگە كوژراون.
هەروا (سەعید مەموزینی) دەڵێت، لەماوەی مانگی رابردووشدا تیرۆرستانی داعش 42 ئافرەتیان لە نێو شاری مووسڵ كوشتوون، بەهۆی ئەوەی جیهادی نیكاحیان لەگەڵ تیرۆریستان رەت کردووەتەوە.
هەر پێوەست بە مووسڵ (مەموزینی) گوتی کە، تیرۆریستانی داعش لە مانگی رابردوودا زیاتر لە ١٠٧ هاووڵاتییان گوللەباران کردوون.
لەبارەی دەستگیرکردنیشەوە، (مەموزینی) ئاماژەیکرد کە، داعش لە نێو شاری مووسڵ ٤١ کەسیان دەستگیرکردووە و؛ هۆکارەکەشیان بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە ئەو کەسانە بەڕیگەی بەکارهێنانی مۆبایلەوە سیخوڕییان کردووە.
سەبارەت بە دەرچواندنی یاساییەک لە لایەن داعش (سەعید مەموزینی) ئاشکرایکرد کە، داعش یاسایەکی نوێی دەرچواندووە كە، هەر كەسێك لە سنووری داعش بچێتە هەر شوێنێكی دی دەبێ ١ ملیۆن دیناری عێراقی بدات و، هەروا کەسێکی دیکەیش پاکانەی بکات.
"دوێنێ شەو لە قۆڵی ناوەران داعش هێرشی بۆ سەر هێزی پێشمەرگە هێنا، بەڵام پێشمەرگە قارەمانەکان گورزێکی گەورەیان لێ وەشاندن و ٧ تیرۆریستیان کوشتن"، (سەعید مەموزینی) وای گوت.
سەرباز واحد




