نێچیرڤان بارزانی: لایه‌نه سیاسییه‌كان له حكوومه‌تدا یه‌كڕیز و یه‌كگرتوون و له میدیاشدا، ئۆپۆزسیۆنن
هەولێر-KDP.info-سەرۆکوەزیرانی کوردستان (نێچیرڤان بارزانی) لە کۆبوونەوەی له‌گه‌ڵ هه‌ر پێنج لایه‌نه سیاسییه‌كه‌ی به‌شداری حكوومه‌ت رایگەیاند کە، گوتاری میدیاییی لایه‌نه سیاسییه‌كانی به‌شدارى حكوومه‌ت، له‌گه‌ڵ بنه‌ماى كاری پێكه‌وه‌یی و هاوبه‌شیی حكوومه‌تی بنكه‌فراوان یه‌ك ناگرێته‌وه، به جۆرێك كه لایه‌نه سیاسییه‌كان له حكوومه‌تدا یه‌كڕیز و یه‌كگرتوون و له میدیاشدا، ئۆپۆزسیۆنن.
بۆ تاوتوێكردنی ڕه‌وش و بارودۆخی ئێستای هه‌رێمی كوردستان و پێشهاته‌كانی شه‌ڕی دژه‌تیرۆر و قه‌یرانى دارایى و كاری پێكه‌وه‌یی و هاوبه‌ش له كابینه‌ی هه‌شته‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا، پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 2-2-2015، سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی) ، له سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران له‌گه‌ڵ هه‌ر پێنج لایه‌نه سیاسییه‌كه‌ی به‌شداری حكوومه‌ت، كۆ بووه‌وه.
له سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه ژماره‌یه‌ك له وه‌زیره پێوه‌نداره‌كانیش ئاماده‌ى بوون، سه‌رۆكوه‌زیران، سوپاس و ده‌ستخۆشیی حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى بۆ په‌رله‌مانته‌ران و فڕاكسیۆن و لایه‌نه‌كانى كوردستان له په‌رله‌مانی عیراقى فیدڕاڵ دووپات كرده‌وه كه كاتی ده‌نگدان له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی فیدڕاڵ، نموونه‌یه‌كی زۆر باشیان له هه‌ماهه‌نگی، یه‌كڕیزی و كاری پێكه‌وه‌یی نیشان دا و ئه‌نجامی ئه‌م كاره‌یان له به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌رێمی كوردستاندا كه‌وته‌وه و به مایه‌ی ڕێز و پێزانینی له قه‌ڵه‌م دا.
سه‌رۆكوه‌زیرانی کوردستان، رۆشنای خستە سەر گوتاری میدیاییى لایه‌نه به‌شداره‌كانی حكوومه‌ت و دووپاتی كرده‌وه كه، گوتاری میدیاییی لایه‌نه سیاسییه‌كانی به‌شدارى حكوومه‌ت، له‌گه‌ڵ بنه‌ماى كاری پێكه‌وه‌یی و هاوبه‌شیی حكوومه‌تی بنكه‌فراوان یه‌ك ناگرێته‌وه، به جۆرێك كه لایه‌نه سیاسییه‌كان له حكوومه‌تدا یه‌كڕیز و یه‌كگرتوون و له میدیاشدا، ئۆپۆزسیۆنن. جه‌ختیشى له‌سه‌ر گرینگیى هه‌بوونى به‌رنامه و گوتارێكى هاوبه‌ش بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى دۆخى ئێستا كرده‌وه، به شێوه‌یه‌ك كه هه‌مووان پێكه‌وه به هه‌مان گیانى كارى پێكه‌وه‌ییى حكوومه‌تى بنكه‌فراوان و وه‌ك خاوه‌نى حكوومه‌ت و به‌رپرس به‌رامبه‌ر به دۆخه‌كه، ڕه‌فتار بكه‌ن.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ریه‌كه له وه‌زیرى پێشمه‌گه ده‌رباره‌ى دوایین ڕه‌وش و پێشهاته‌كانى شه‌ڕى دژى داعش و پێداویستییه‌كانى پێشمه‌رگه، وه‌زیرى دارایى و ئابوورى ده‌رباره‌ى قه‌یران و كێشه دارایییه‌كان و به‌رنامه و هه‌وڵه‌كانى وه‌زاره‌ت بۆ چاكسازى و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان و دابینكردنى داهات، وه‌زیرى سامانه سروشتییه‌كانیش ده‌رباره‌ى دۆسیه‌ى نه‌وت و ڕێككه‌وتنى هه‌ولێر و به‌غدا له‌سه‌ر پرسى نه‌وت و توانا و كێشه‌كانى وه‌زاره‌ت و ڕۆڵى وه‌زاره‌ت له دابینكردنى پێداویستییه دارایییهكانى هه‌رێمدا، پوخته‌یه‌كیان پێشكه‌ش كرد و وه‌ڵامى پرسیارى به‌شدارانى كۆبوونه‌وه‌كه‌یان، دایه‌وه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ڕه‌چاوكردنى دۆخى هه‌رێمى كوردستان كه به هه‌موو پێوه‌رێك له حاڵه‌تى شه‌ڕدایه، وه‌لانانى ناكۆكییه حزبییه‌كان و گرینگیى یه‌كڕیزى و ته‌بایى و یه‌كهه‌ڵوێستیى لایه‌نه سیاسییه‌كان و كۆمه‌ڵگاى كوردستان بهگشتىی، هه‌ڵگرتنى به‌رپرسیاریى هه‌مه‌لایه‌نه و هاوكاریكردنى حكوومه‌تى بنكه‌فراوان بۆ ڕووبهڕووبوونهى كێشه و قه‌یرانه‌كان و دانانى پلان و به‌رنامه بۆ چاره‌كردنیان، به‌هێزكردنى پێشمه‌رگه و به‌ده‌ستهێنانى هاوكارى و پشتگیریى سه‌ربازى بۆ هه‌رێمى كوردستان له ڕێگه‌ى به‌كارهێنانى كه‌ناڵه سیاسى و دیپلۆماسییه‌كانى هه‌رێمه‌وه، جه‌ختى له‌سه‌ر كرایه‌وه.
به‌شدارانى كۆبوونه‌وه‌كه، وێڕاى دووپاتكردنهوهى پرسه و سه‌ره‌خۆشى و ده‌ربڕینى هاوخه‌مى بۆ خانه‌واده‌ى شه‌هیدان و ده‌ستخۆشى و پیرۆزبایى له پێشمه‌رگه، هه‌روه‌ها سوپاس و پێزانینیان پێشكه‌ش به ئه‌مه‌ریكا و هێزه‌كانى هاوپه‌یمانان و توركیا و ئێران كرد كه له شه‌ڕى دژى تیرۆردا هاوكاریى هه‌رێمى كوردستانیان كردووه و وێڕاى سوپاسكردنى هاوكارییه سه‌ربازى و مرۆییه سنوورداره‌كانى حكوومه‌تى فیدرال، جه‌ختیشیان له‌وه كرده‌وه كه حكوومه‌تى عیراق ده‌بێ زیاتر هاوكاریى هه‌رێمى كوردستان بكات بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆر، كه ئێستا له جیاتى هه‌موو جیهان له‌گه‌ڵ تیرۆر له شه‌ڕێكى قورسدایه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بڕیار درا له ماوه‌یه‌كى داهاتووى نزیكدا، كۆبوونه‌وه‌یه‌كى دیكه‌ى لایه‌نه به‌شداره‌كانى حكوومه‌تى بنكه‌فراوان ببه‌سترێت و تیایدا له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه بۆ چۆنیه‌تیى مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ دۆخى ئێستاى هه‌رێمى كوردستان و چاره‌كردنى كێشه و قه‌یرانه‌كان و به‌ره‌وپێشبردنى پرۆسه‌ى چاكسازى و ڕێكخستنه‌وه‌ى پێوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، پلان و به‌رنامه‌یه‌كى تۆكمه كه له ئاست ڕووداوه‌كان و دۆخه‌كه‌دا بێت، ئاماده بكرێت.




