هەرپێنج لایەنەکە، لە چاک و خراپی حکوومەتدا بەرپرسیارن.. لایه‌ن هه‌یه خۆی بێبه‌ری ده‌كات له‌و قه‌یرانەی حكوومه‌تی تێ كه‌وتووه

هەولێرـــ KDP.info ـــ پێنج لایەنە دەسەڵاتبەدەستەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ کۆ بوونەوە؛ (دڵشاد شەهاب) دەڵێت، كۆبوونه‌وه‌کەی ئه‌مڕۆ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی زۆر گرینگه و، پێویستیش بوو ببه‌سرێت؛ هەرپێنج لایه‌نه سه‌ره‌كییه‌ی ناو حكوومه‌تیش، به‌شداری كۆبوونه‌وه‌كه‌نە.دەربارەی دابه‌شكردنی پۆسته‌كان له ئاستی حكوومه‌تی خۆجێیشدا گوتی،پارتی پێی وایه ده‌بێت هاوبه‌شییەکی ته‌واو بكرێت له‌گه‌ڵ هێزه سیاسییه‌كانی دیكه‌دا تا پۆسته‌كانی حكوومه‌ت و حكوومه‌ته خۆجێیه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای هاوبه‌ش دابه‌ش بكرێن.
(دڵشاد شەهاب) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی گوتیشی، دیارە حكوومه‌ت به بارودۆخێكی نائاسایی و دژوادا تێدەپه‌ڕێت و، قه‌یرانی دارایی عێراق و هه‌رێمی كوردستانیشی گرتووەته‌وه و، "به‌ڕێوه‌بردنی حكوومه‌ت لە دۆخێکی وەهادا زۆر زەحمەتە و، ئەرکی هەموو لایەنە بەشداربووەکانی ناو حکوومەتە پشتی یەکتر بگرن هەتا بگەینە مەنزڵ."
(دڵشاد شەهاب) ئەندامی سەرکردایەتیی پارتیی دیموکراتی کوردستان، ڕاگەیاند: "له‌م كاتوساته‌دا پێویسته ئه‌و بڕیارانه‌ی كه دەده‌رێن لایه‌نه سه‌ره‌كییه‌كانی لێ ئاگادار بن؛ لەبەر دوو شت، یەکەم بۆ ئه‌وه‌ی بزانن ئێمە جارێ له شەڕی تیرۆرداینە و، دووەمینیش بارودۆخی دارایی خراپە؛ با هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه پێکەوە گفتوگۆ بكه‌ین و، بزانین ئێمه له چ حاڵێکداینە و، چ ئه‌ركێكیش ده‌كه‌وێته سه‌ر هەر لایه‌نێکمان؛ خۆی له هه‌موو ئەو پرۆتۆكۆڵانەدا کە پارتیی دیموكراتی كوردستان واژۆی كردووه له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان بۆ به‌شداری له حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا، زۆر ڕوون هاتووه كه‌وا پارتی و، بۆ نموونه یه‌كگرتووی ئیسلامی یان كۆمه‌ڵی ئیسلامی یان بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان یان یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، هاوكار و، پاڵپشتی سه‌رخستنی ئه‌م حكوومه‌ته ده‌بن، من ئه‌م هه‌نگاوه‌م پێ به‌شێكی ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌یه و، ئێستا حكوومه‌ت پێویستی به‌و پاڵپشتییه هه‌یه."
(دڵشاد شەهاب) لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی: "به ڕه‌شبینییه‌وه سه‌یر ناكه‌م، واقیعێكیش هه‌یه هه‌ست پێ ده‌كرێت كه هه‌ندێك لەو لایه‌نانەی پێیه‌كیان له ده‌سه‌ڵاتدایه، زۆر جار لێره‌وله‌وێ وه‌كو ئۆپۆزسیۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ حكوومه‌تدا ده‌كه‌ن! بۆ نموونه ئه‌گه‌ر حكوومه‌ت تووشی هه‌ر قه‌یرانێك بووبێت لایه‌نی به‌شداری حکوومەت هه‌یه خۆی بێبه‌ری ده‌كات له‌و قه‌یرانەی كه حكوومه‌تی تێ كه‌وتووه! به ڕاستی ئێمه ده‌بێت ڕاشكاوانە باسی بكه‌ین، ئه‌گه‌ر هه‌موومان به‌شداری حكوومه‌تین، ده‌بێت هه‌مووشمان به‌رگری له حكوومه‌تەکە بكه‌ین و، وا بكه‌ین ئه‌و حكوومه‌ته سه‌ر بكه‌وێت."
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی پارتیی دیموکراتی کوردستان گوتیشی: "حكوومه‌ت، حكوومه‌تی بنکەفراوانە و، کە بڕیارێکیش دەدات هەموو بنەکەکان لێی بەرپرسیارن و، ده‌بێت هه‌موو لایه‌نه به‌شداربووەکانی حکوومەت، به یه‌كه‌وه به‌رگری له‌و بڕیاره‌ی حكوومه‌ت بكه‌ن؛ كه نرخی به‌نزین تاوتوو ده‌كرێت و، پاشان حكوومه‌ت بریاری لێ دەدات، ئه‌وه بڕیاری یه‌كێتی و پارتی و یه‌گرتوو و كۆمه‌ڵ و گۆڕانیشه؛ ناكرێ هه‌موو ئه‌و لایه‌نه بەڕێزانه به‌شدار بن له ده‌ركردنی بڕیارەکە و، بۆ ئێواره‌یش له میدیاكانه‌وه خۆیانی لێ بێبه‌ری بكه‌ن! بڕیاری حكوومه‌ت ئه‌گه‌ر باش بێت هیی هه‌موومانە و، ئه‌گه‌ر خراپیش بێت هیی هەرهه‌موو لایه‌نه به‌شداربووه‌كانی حكوومه‌ته."
دەربارەی یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی ئه‌و پرسانه‌ی كه باسی لێوه ده‌كات (دڵشاد شه‌هاب) گوتی: "خۆی بە یاسا و لە پرۆتۆكۆڵ و، واژۆكراوەکانی بەینی لایه‌نه‌كاندا زۆر ڕاشکاوانە هاتووه کە هه‌رهەموو لایه‌نه به‌شداربووه‌كانی حكوومه‌ت، دەبێ پاڵپشتی حكوومه‌ت بن و، بە خەڵکیش ڕاگەیێندراوە؛ به‌ڵام ڕه‌نگه له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ی ئه‌مڕۆدا هه‌ر سەر‌نج و تێبینی و ڕه‌خنه‌یه‌ك هه‌بێت له شێوازی کاری حكوومه‌ت پێشكه‌ش بكرێت و، تاوتوێ بكرێت یان له كۆبوونه‌وه‌كانی دادێ‌دا باس بكرێت."
(دڵشاد شەهاب) دەربارەی كابینه‌كانی ڕابردوویش دەڵێت: "ناكرێت ئه‌مڕۆ هه‌ر كێشه‌یه‌ك ڕوو ده‌دات بیگه‌ڕێننه‌وه بۆ ڕابردوویه‌ك و، وا پیشان بدرێت كه خۆیان به‌شدار نه‌بوونە؛ ئه‌مه له هیچ نه‌ریتێكی حوكمرانیدا نییه؛ ئه‌م حكوومه‌ته زاده‌ی بەشداربوونی 5 لایه‌نه و، به گوێرەی هه‌ڵبژاردنەکەی ساڵی 2013 دامەزراوە؛ بۆ نموونه ئێستا وه‌زیری دارایی هیی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه، دیارە ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه هه‌ڵسه‌نگاندنێكی بۆ دۆخی دارایی هه‌رێمی كوردستان هه‌بووه، ئینجا بڕیاری داوه به‌شداری له حكوومه‌تدا بكات و، پۆستی وه‌زاره‌تی دارایی وه‌ربگرێت، هیچ ڕه‌وا نییه وه‌زیری گۆڕان ئه‌مڕۆ ئه‌گه‌ر تووشی هه‌ر قه‌یرانێكی دارایی ببین، بڵێت ئه‌مه ده‌رئه‌نجامی ده ساڵی ڕابردووه، چونكه ئێمه تێیدا نه‌بووین؛ مومكینیش نییه ئێمه‌ی كه له رابردوویشدا به‌شداری حكوومه‌ت بووین، به تایبه‌تی یه‌كێتیی و پارتی ئه‌مڕۆ خۆمان له هه‌ندێك شت بێبه‌ری بكه‌ین، وه‌كو ئه‌وه‌ی كه ئه‌مڕۆ ڕوو ده‌دات، ئێمه تێیدا نین، چونكه وه‌زاره‌تی فڵان، فڵانه لایه‌ن به ڕێوه‌ی ده‌بات."




