٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ھۆکارەکەی دیار نییە.. حکوومەت و پەرلەمان دەربارەی نەوت هاوهەنگاو نینە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.INFO-  ئەندامێکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، چەند مانگێکە ھاوهەنگاوی لەنێوان حکوومەت و پەرلەمان لەبارەی پرسی نەوت نەماوە و، هێشتاش ھۆکارەکەی دیار نییە.

(عەلی ھالۆ) ئەندامی لیژنەی سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "سەرەتای ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان ھاوهەنگاوییەکی باش لەنێوان حکوومەت و پەرلەمان لەبارەی نەوت ھەبوو، چەند جارێکیش پێکەوە کۆ ببوونەوە، بەڵام سێ مانگە ئەو ھاوهەنگاوییە لاواز بووە و، بگرە نەیشماوه‌."

(عەلی ھالۆ) گوتیشی: "سەرەتا ئێمە زانیاریمان لەبارەی ھەموو پرسەکان ھەبوو، بەڵام ئێستا هیچ، بۆ نموونە لەبارەی ھەرزانکردنی بەنزین، ھیچ زانیارییەکمان پێ نەدراوە و، تەنیا باس لەوە دەکرێت نرخەکە کەم دەکەنەوە و، کاتەکەشی دیار نییە."

(ھالۆ) ڕایشیگەیاند: "هێشتا ھۆکارەکەی ڕوون نەبووەتەوە و، نازانین لەبەرچی ئەو ھاوهەنگاوییە نەماوە، چونکە پێشتر ھاوهەنگاوییەکی زۆر باش ھەبوو، کە لە بەرژوەندیی ھەموو لایەکدا بووە، بەڵام ئەوە نەماوە و، پێم وایە ئەگەر بگەڕێتەوە باشترە."

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار