ئەنجوومەنی پارێزگا نیگەرانە.. سیاسەتی نەوت لە کەرکووک تاکڕەوانە بە ڕێوە دەبردرێت

کەرکووک-KDP.info- ئەمڕۆ وەزیری نەوتی عێراق سەردانی پارێزگای کەرکووکی کرد، لیژنەی نەوتوگازیش لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ڕەخنە لەو سەردانەی دەگرێت کە بەبێ ئاگاداری و ھەماھەنگیی ئەوان سەردانەکەی کردووە و، تەنانەت سەردانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکیشی نەکردووە.
ئەندامی لیژنەی نەوتوگاز لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک (فوئاد حوسێن) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "باس لەوە دەکرێت کە ئەمڕۆ وەزیری نەوتی عێراق، سەردانی پارێزگای کەرکووکی کردووە، بەڵام ئێمەی لێ ئاگادار نەکراوینەتەوە و، بەبێ ئاگاداریی ئێمە بووە، کە دەبوو بەپێی دەستوور ئێمە وەکو لایەنی پەیوەندیداری ئیداری لێی ئاگادار بووینایە، چونکە بەپێی دەستور پێویستە ئێمە لە سیاسەتی نەوت ئاگادار بین".
(فوئاد حوسێن) گوتیشی: "جگە لەوەش تاوەکو ئێستا سیاسەتی نەوت لە کەرکووک تاکڕەوانە بە ڕێوە دەبردرێت لەلایەن بەغداوە و، بە ھیچ شێوەیەک لە بەرھەمھێنان و، ھەناردەکردنی پرس بە ئێمە ناکرێت و، دەستوور پێشێل دەکرێت و، ھیچ ھەماھەنگییەکمان لەگەڵ کۆمپانیای باکووردا نییە."
بڵند ئیبراھیم




