هەفتەی دادێ گشت وەزارەتەكان مووچەی مانگی ١٢ وەردەگرن

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان لە زاری وەزیری دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە رایگەیاند، هەفتەی دادێ گشت وەزارەتەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان مووچەی مانگی ١٢ وەردەگرن.
ئەندامی لیژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی كوردستان (د. شیرین حوسنی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "لە كۆبوونەوەی هەفتەی رابردووی وەزیری دارایی لەگەڵ لیژنەكەمان پێی راگەیاندین كە ئەم هەفتەیە تاوەكو هەفتەی دادێ كۆتایی بە دابەشكردنی مووچەی مانگی 12 دەهێنرێت".
(د. شیرین حوسنی) گوتیشی كە، لەم هەفتەیەدا بەشێك لە وەزارەتەكان مووچەی مانگی 12 وەردەگرن و؛ هەفتەی داهاتوویش هەموو وەزارەتەكان مووچەكانیان وەردەگرن.
ئەندامەكەی لیژنەی دارایی و ئابووریی پەرلەمانی كوردستان ئاماژەیشی دا كە، وەزارەتی دارایی لە داهاتی ناوخۆ مووچەی مانگی 12 دابین دەكات.
گوتیشی، "وەزیری دارایی پێی گوتین هەر كات بەشەبودجەی هەرێمی كوردستان لە بەغداوە بێت، مووچەی مانگی كانوونی دووەمی 2015 دابەش دەكەن.
وەزارەتی دارایی رۆژی یەكشەممە یەكی شوبات، بە دابەشكردنی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە، دەستی بە دابەشكردنی مووچەی مانگی 12ی 2014 كرد.
یەحیا سابیر




