لە سنوونێ و وانكێ ٢٥٠٠ بۆمب و تی ئێن تی پووچەڵ كراونەتەوە

سنوونێ-KDP.info- لە هەر دوو شارەدێی سنوونێ و وانكێ تیمەكانی پووچەڵكردنەوەی بۆمب و تی ئێن تی، دەستیان بە هەڵگرتنەوە و خاوێنكردنەوەی ئەو ناوچانە كردووە، بۆ ئەوەی لە كاتی گەڕانەوەی خەڵكی ئەو ناوچانە تووشی كێشە و گرفت نەبن، تا ئێستایش لە سنوونێ و وانكێ و دەوروبەری زیاتر لە 2500 بۆمب پووچەڵ كراونەتەوە.
ئەندامی تیمی پووچەڵكردنەوەی بۆمب و تی ئێن تی (حەتەم سەلیم)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت، تیرۆریستان ژمارەیەكی زۆریان لە بۆمب و تی ئێن تی لە گوند و ئاواییەكانی ئەو ناوچانەی تازە ئازاد كراون داناون، لە هەر دوو شارەدێی سنوونێ و وانكێ و دەوروبەری تا ئێستا زیاتر لە 2500 بۆمب و تی ئێن تی پووچەڵ كراونەتەوە و لەناو براون، 90%ـی ئەو ناوچانەیش پاك كراونەتەوە، تەنیا هەندێك شوێن ماون، لەو شوێنانەیش كاركردن بەردەوامە و چەند ڕۆژی داهاتوو ئەوانیش خاوێن دەكرێنەوە.
(حەتەم) دڵنیاییشیدا کە لەسنووری سنوونێ و وانکێ ئەو ناوچانەی دیکەی خاوێن كراونەتەوە، هاووڵاتیان دڵنیا دەكەینەوە، هیچ پاشماوەیەكی داعش لە ناوچەكە نەماوە و بە ئازادی دەتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و تووشی هیچ كێشە و گرفتێك نابن".
رابین شێروانی




