عەباس غەزالی: رێكارە یاساییەكان بۆ یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە تەواو بوون

هەولێر-KDP.info- ئەندامی لیژنەی كاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان (عەباس غەزالی) رایگەیاند، گشت رێكارە یاسایەكان بۆ یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە تەواو بوون، بەڵام سیستەمی بەرگری لەم ئانوساتەدا وا هەڵكەوتووە كە دەستكاری هەر هێزێك بكرێت شیرازەی بەرەكانی بەرگری دژ بە تیرۆریستانی داعش تێك دەچێت.
ئەندامی لیژنەی كاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان (عەباس غەزالی) پێوەست بە پڕۆسەی یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت، "لە ئێستادا بۆ یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە گشت رێكارە یاساییەكان تەواو بوون، بەڵام سیستەمی بەرگری لەم ئانوساتەدا وا هەڵكەوتووە كە دەستكاریی هەر هێزیك بكرێت، شیرازەی بەرەكانی بەرگری دژ بە تیرۆریستانی داعش تێك دەچێت و لەبەر بەرژەوەندیی دۆخی شەڕدا رەچاو دەكرێت، ئەگەرنا تەنیا كاری هونەری ماوە و بە مەبەستی بەنیشتمانیكردنی هێزەكانی پێشمەرگە گەیشتووین بە كۆتایی پرۆسەی یەكخستنەوە".
(غەزالی) ئاماژەیشی دا كە، وەزارەتی پێشمەرگە هەنگاوی زۆر گرینگی ناوە بە مەبەستی یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، ئێستا هەر بۆچوون و فەرمان و راسپاردەیەك لەبارەی هێزی پێشمەرگەوە دەربچێت، ئەوا لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە دەردەچێت، وەزارەتی پێشمەرگە بە كرداری سەرپەرشتیی تەواوی هێزی پێشمەرگە دەكات لە هەموو بەرەكانی شەڕدا كە ئەمە بۆخۆی هەنگاوێكی گەورەیە لە یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگەدا.
هەروا گوتیشی كە، "ئاماژەكانی یەخستەوەی هیزی پێشمەرگە بە روونی دیارن، لە جەلەولا تا كۆبانی پێشمەرگە هەمووی پێشمەرگەی كوردستانە و هەموو پێشمەرگەكان لە یەك سەنگەر دژ بە تیرۆریستان لە ژێر یەك ئاڵا خوێن دەڕێژن و خۆیان گیانفیدای نیشتیمان دەكەن، پێویستە هەموومان هەست بەو یەكگرتووییەی هێزی پێشمەرگە بكەین".
سەرباز واحد




