نوێنەرایەتیی وڵاتانی بیانی لە هەرێم دووپاتی هاوكارییەكانیان بۆ هەرێم كردەوە

هەولێر-KDP.info-ئەمڕۆ نوێنەرایەتییەكانی وڵاتانی بیانی لە هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەیەكیاندا لەگەڵ فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا دووپاتیان كردەوە كە، كار بۆ هاوكاریكردنی زیاتری هەرێمی كوردستان دەكەن.
ئەمڕۆ یەكشەممە ڕێكەوتی 1/2/2015 كۆبوونەوەی دەوریی نێوان فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوە و نوێنەرایەتیی وڵاتانی بیانی لە هەرێمی كوردستان بە سەرپەرشتیی بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (فەلاح مستەفا) ئەنجام درا.
كۆنسووڵی گشتیی شانشینی ئوردنی عەمیدی سلكی دیپلۆماسی لە هەرێم بە ناوی دیپلۆماتكارانەوە سوپاسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی كرد بۆ ڕێكخستنی ئەو كۆبوونەوانە و دووپاتی كردەوە كە، تەواوی نوێنەرایەتیی وڵاتانی بیانی لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن بۆ پەرەپێدانی زیاتری پێوەندییەكانیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان و بەیەكەوەكاركردن بۆ هەر رووبەڕووبوونەوەیەك. هاوكات بە ناوی دیپلۆماتكارانەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدانی كوردستان كرد.
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان (فەلاح مستەفا) بە ناوی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە سوپاسی تەواوی نوێنەرایەتییەكانی وڵاتانی بیانی لە هەرێمی كوردستان كرد بۆ بەردەوامیی كارەكانیان لە هەرێمی كوردستان و هاوكاری و پشتگیرییان لە خەڵكی هەرێمی كوردستان و پەرەپێدانی پێوەندییەكان لە بوارە جیاجیاكاندا.
دواتر باس لە هەڕەشە بەردەوامەكانی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش كرا كە هەرێمی كوردستانی كردووەتە ئامانجی سەرەكی. جەختیش كرایەوە كە پێشمەرگە بە شێوەیەكی نەبەردانە خەبات بۆ پاراستنی هەرێمی كوردستان و پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان دەكات، بەڵام پێویستیمان بە پشتگیریی زیاتری نێودەوڵەتی هەیە. گوتیشی كە، "سوپاسی هێزەكانی هاوپەیمانان بە سەركردایەتیی ئەمەریكا دەكەین كە لە ڕێگای هێرشی ئاسمانی و ڕاوێژ و مەشقی سەربازییەوە هاوكاریی پێشمەرگە دەكەن، بەڵام پێویستیمان بە پشتگیریی زیاتر هەیە لە ڕووی چەكی قورس و تەقەمەنییەوە، هەروەها سوپاسی ئەو وڵاتانە دەكەین كە لە ڕووی دابینكردنی چەك و مەشقەوە، هاوكاریی هێزەكانی پێشمەرگەیان كردووە".
سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، ئاماژە بۆ ئەم هەوڵانەی دوایی درا كە لە چوارچێوەی بودجەی عێراق دەقی ڕێككەوتنامەی هەولێر و بەغدا پەسەند كرا و هەرێمی كوردستان بەردەوام هەوڵی داوە پرسەكان لە ڕێگای دیالۆگ چارە بكرێن.
ڕوونیشی كردەوە، "ئێمە چاوەڕوانی زیاترین لە بەغدا بۆ چارەكردنی كێشەكان و هەرێمی كوردستان پابەندە بەو ڕێككەوتنەی كە كردووویەتی. بە هۆی ئەو ڕووبەڕووبوونەوانەی كە دێتە بەردەم هەرێمی كوردستان و عێراق، قۆناخەكە پێویستی بە هاوكاری و هەماهەنگیی تەواو لە نێوان هەردوولادا هەیە".
لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باس لە قەیرانی مرۆیی و قەیرانی سووریا كرا و ئەوە دووپات كرایەوە كە بەردەوامیی قەیرانەكانی سووریا، كاریگەرییان لەسەر هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە دەبێت و چارەی سیاسی باشترین ڕێگەیە بۆ چارەكردنی ئەو پرسە. بە هۆی بارودۆخی زستان و كەشوهەواوە ئاوارە ناوخۆیی و پەنابەران لە دۆخێكی سەختدا دەژین، بۆیە پێویستیان بە هاوكاریی مرۆیی زیاترە، چونكە تەنانەت دوای ئازادكردنی ئەو ناوچانەیش، كات پێویستە بۆ گەڕانەوەیان بۆ شوێنی خۆیان".
هەروەها ئاماژە بە ئازادكردنی شاری كۆبانی لە دەست تیرۆریستانی داعش كرا و سوپاسی ئەمەریكا و توركیا و هێزەكانی پێشمەرگە كرا كە ڕۆڵێكی كاریگەریان لە ئازادكردنی ئەو شارەدا بینی.
هەرلە كۆبوونەوەكەدا ژمارەیەك پرسیار لەلایەن ئامادەبووانەوە ئاراستەكران و لەلایەن بەرپرسی پێوەندیەكانی دەرەوە كوردستان بەشێوەیەكی وورد وەڵام درانەوە.
جێگەی باسە هەر یەك لە نوێنەرانی وڵاتانی شانیشنی ئوردن، فەڵەستین، كۆماری ئیسلامی ئیران، ئیماراتی عەرەبی یەكگرتوو، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، كۆماری توركیا، پۆلەندا، بەریتانیا، كۆماری چینی میللی، كۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ، كۆماری ڕووسیای فیدراڵ، كۆماری هەنگاریا، كۆماری میسری عەرەبی، كۆماری ئیتالیا، كۆماری ڕۆمانیا، هۆڵەندا، كۆماری چیك، كۆماری فەڕەنسا، كۆماری بولگاریا، ژاپۆن، نێردەیی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ هاوكاری عێراق، نووسینگەی هاریكاری مرۆیی یەكێتی ئەوروپا لە هەرێمی كوردستان ئامادەی كۆبوونەوەكە بوون.




