هەولێر.. لە رێوڕەسمێكی فەرمیدا ستاییشی ئەڵمانیا كرا

هەولێر-KDP.info- لە پارێزگای هەولێر لە رێوڕەسمێكی فەرمیدا ستاییشی ئەڵمانیا و رێكخراوی پردی ئاسمانیی بێسنووری ئەو وڵاتە كرا كە تا ئێستا بە سەدان تۆن كۆمەكی وڵاتەكەیان پێشكەشی ئاوارەكانی نیشتەجێی هەرێمی كوردستان كردووە.
لە رێوڕەسمێكدا لە پارێزگای هەولێر، (نەوزاد هادی) بە ئامادەبوونی قایمقامی قەزای ناوەندی (نیهاد لەتیف قۆجە)، كە رێكخەری پرۆسەی هاوكارییەكان بوو، سوپاسنامەیەكی ئاراستەی كۆمەڵەی (LOG) پردی ئاسمانیی بێسنووری ئەڵمانیایی كرد.
(نەوزاد هادی) ستاییشی بەدەنگەوەهاتنی گەل و حكوومەتی ئەڵمانیا و پشتیوانییە مرۆیی و سەربازییەكانی كرد كە لە جەنگی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا بۆ هەرێم ڕەوانە كراون، بە فەرمییش سوپاس و پێزانینی حكوومەتی كوردستانی بەو كۆمەڵە خێرخوازییە گەیاند كە تا ئێستا سەدان تۆن كۆمەكی جیاجیای مرۆیی خەڵكی ئەڵمانیایی لە داوودەرمان، چادر، خێوەت، جلوبەرگ و خواردن، لە سێ هەڵمەتی جیاجیادا لە بەروارەكانی 12/9/2014 و 19/12/2014 و 30/1/2015 لە رێگەی مەرزی ئیبراهیم خەلیل و لە رێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە، گەیاندووەتە ئاوارە و پەنابەران لە سنووری پارێزگای دهۆك و چیای شنگال و كەمپەكانی دی لە سنووری پارێزگای هەولێر كە لە رێگەی دەزگای خێرخوازیی ڕوانگەوە دابەش كراون.
رێكخراوی پردی ئاسمانیی بێسنووری ئەڵمانیا، جەختیان لە بەردەوامبوونی كۆمەك و هاوكارییەكانیان كردەوە و، ئەوەشیان راگەیاند كە لە سەرەتای مانگی ئایاری ئەمساڵ لە پەرلەمانی ئەڵمانیا بە فەرمی كار و بەرنامەی پێشوو و ئێستایان ئاشكرا دەكەن و داوەتی پارێزگاری هەولێریشیان كرد بۆ ئامادەبوون لەم بۆنەیەدا بۆ پێشكەشكردنی گوتارێك لەسەر رەوشی هەرێمی كوردستان و كار و بەرنامەكانی فریاگوزاری و كۆمەككردنی ئاوارە و پەنابەران و دوایین پێشهاتەكانی جەنگی رووبەڕووبوونەوەی داعش و سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان.
كەنعان بەهادین




