٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

كەمال كەركووكی: داعش زیاتر لە ٣٠٠ كوژراو و برینداری هەیە و ١٠٠ تەرمیشیان لە گۆڕەپانی جەنگدا جێ ماون

سەرچاوە: KDP.info

كەركووك-KDP.info- بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای كەركووك - دوبز (د.کەمال کەرکووکی) رایگەیاند کە، پێشمەرگە گورزێکی گەورەی لە مەكتەب خالید، مەلا عەبدوڵڵا و تەلوەرد لە تیرۆریستان وەشاندووە کە، زیاتر لە 300 كوژرا و برینداری داعش هەن..گوتیشی کە، تەرمی زیاتر لە ١٠٠ تیرۆریست لە گۆڕەپانی جەنگدا جێ ماون و؛ هەروا  دەیان هەمەڕ و باجەر و جبەخانەیشیان لێ سوتێندراون.

بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای كەركووك و قەزای دوبز (د.كەمال كەركووكی) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "هێزی پێشمەرگە لە هەموو لایەك پێشرٍەویی كردووە و فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانانیش رۆڵی باشیان هەبووە و زیانێكی زۆر بە تیرۆرستان گەییشتووە، كە نزیكەی (١٠٠) تەرمیشیان لە گۆرەپانی شەڕدا كەوتوون، ئەمە جگە لە دەیان هەمەڕ و باجەر و ئەلغامێكی زۆر، سەرەڕای ئەوەی ناحیەی مولتەقی و دوور كارەبا و زۆر شوێنی دیكەیش بەسەریاندا رووخێندران و زۆریش لە جبەخانەكانیان هەڵتەكێنران و تەقێندرانەوە".

(كەمال كەركووكی) گوتیشی، مەكتەب خالید، تەلوەرد، عەسەلییە، مەلا عەبدوڵڵا، پردی بۆیتەر و كۆمپانیای خەباز  بە تەواوەتی ئێستا لە دەستی هێزە سەربەرزەكانی كوردستانن و ئەو كارمەندانەیشی كە لە سەردابەكە مابوون، دوای هەڵاتنی تیرۆریستانی داعش بە سەلامەتی ئازاد بوون و گەڕانەوە ماڵی خۆیان.


بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای كەركووك - دوبز ڕوونیشی كردەوە، "تیرۆریستان بەردەوام بوون لەخۆئامادەكردن و ئێمەیش پێشتر زانیاریمان هەبوو و هەموو لایەكیشمان لێ ئاگادار كردبووەوە كە دوژمن هێرش دەكات، ئەوان سوودیان لە تەمومژ وەرگرت و هێرشێان كرد، سەنگەرەكانیشمان لەگەڵ سەنگەرەكانی داعش زۆر لە یەكتر نزیكن و لە هەندێك شوێن (٥٠) مەتر تاكو (٨٠) هەشتا مەترە و بە دەیان هەمەری بۆمبڕێژكراو و لۆریی درعكراویان پێ بوون كە ئێستا لە بەردەستن، ئەوەیش كە گرینگە هەموو شوێنەكانیان لێ وەرگیرایەوە و زیانی زۆریشیان لێ كەوت و ڕاو نران و زیاتر لە (١٠٠) سەد تەرمیان لە پاش خۆیان لە گۆڕەپانی شەڕەكەدا بە جێ ماون، كە لە نێویاندا زۆر بیانی و عەرەبی سنوورەكە بە دی دەكرێن".


(كەركووكی) گوتیشی، تیرۆریستان لە مەكتەب خالید، مەلا عەبدوڵڵا و تەلوەرد هێرشیان هێنا و زیاتر لە 300 كوژراو و برینداریان هەن، ئێمەیش لێرە هیچ جیاوازییەك لە نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و لایەنە ئەمنییەكان ناكەین و هەمووان جێگای ڕێزن و هێزی پێشمەرگەن و پارێزگاری لە خاكی كوردستان دەكەن، بۆیە ڕێزی زۆرمان بۆ یەكە بەیەكەیان هەیە".
بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار