٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لە پەیامیدا بۆ سەرۆک بارزانی، كۆسرەت رەسووڵ مژدەی سەرکەوتنی هێزی پێشمەرگەی ڕاگەیاند

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان مژدەی سەركەوتنی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە ماوەی دوو رۆژی رابردوو لە سنووری كەركووك راگەیاند.

ئەمڕۆ شەممە، (كۆسرەت رەسووڵ عەلی) جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە پەیامێكدا، كە ئاراستەی (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان و خەڵكی كوردستانی كردووە، ئاماژەی بە سەركەوتن و پێشڕەویەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كردووە و

ڕایدەگەینێ: "پێمخۆشە مژدەی سەركەوتنی هێزی پێشمەرگەی كوردستانتان پێ رابگەیەنم كە لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا دژی تیرۆریستانی داعش ئەنجاممان دا و بە خوێنی گەشی چەندەها فەرماندە و پێشمەرگەی قارەمان ئەم سەركەوتنە تۆمار كرا".

جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەیامەکەیدا هاوکات ئاماژەی داوە "كەركووك پاروویەكی ئاسان نییە بۆ قوڕگی دوژمنان و دەیانخنكێنێ"، دەشڵێ‌: "پێویستە دوژمنان باش بزانن نزیك ببنەوە لە كەركووك گڕی بە تینی باباگوڕگوڕ دەیانسووتێنێ."


دەقی راگەیێندراوەکە

بەڕێز/ جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان- كاك مەسعوود بارزانی
جەماوەری خۆڕاگری كوردستان

سڵاوێكی گەرم...
پێم خۆشە مژدەی سەركەوتنی هێزی پێشمەرگەی كوردستانتان پێ رابگەیەنم كە لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا دژی تیرۆریستانی داعش ئەنجاممان دا و بە خوێنی گەشی چەندەها فەرماندە و پێشمەرگەی قارەمان ئەم سەركەوتنە تۆمار كرا، لەوانە:
١- لیوا حسێن مەنسور- فەرماندەی هێزی پشتیوانی دوو
٢- عەمید شێركۆ فاتیح- فەرماندەی لیوای یەك
٣- عەقید نەریمان دۆشكە- فەرماندەی فەوج لە لیوای 3ی تایبەتی جێگری سەرۆكی هەرێم
٤- عەقید شێرزاد زەنگەنە- جێگری لیوای 134ی هێزەكانی 70

هەر لەم نەبەردییەدا بە بەشداری و هەوڵ و ماندووبوون و تێكۆشانی چەندین فەرماندەی قارەمانی تر و پێشمەرگە گیان لەسەردەستەكان، توانرا سەرجەم ئەو ناوچانە ئازاد بكرێنەوە كە لەژێر دەستی تیرۆریستانی داعشدا بوو.
بەم بۆنەیەوە لە دڵەوە پیرۆزبایی لە خەڵكی كوردستان و كەسوكاری شەهیدە نەمرەكان و پێشمەرگە قارەمانەكان دەكەم و لێرەوە رایدەگەیەنین كە پێویستە دوژمنان باش بزانن، نزیك ببنەوە لە كەركووك گڕی بە تینی باباگوڕگوڕ دەیانسووتێنێ، چونكە كەركووك پاروویەكی ئاسان نییە بۆ قوڕگی دوژمنان و دەیانخنكێنێ، پاراستنی بست بە بستی خاكی پیرۆزی كوردستان بە ئەركی خۆمان دەزانین، كوردستان جێگای تیرۆرستان و شەمشەمەكوێرەكانی تێدا نابێتەوە.


بژی كورد و كوردستان
نەمری و سەربەرزی بۆ شەهیدان
رووڕەشی و نەمان بۆ تیرۆرستان

كۆسرەت رەسول عەلی
جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان

 

هەواڵی پەیوەندیدار