شەشۆ: بۆ گرتنەوەی تەواوی شنگال چاوەڕوانی فەرمانین

شنگال-KDP.info- دوای ئەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە قۆڵی شنگال سەرکەوتنی یەکجار گەورەیان بەدەستهیناو لەو قۆڵەدا داعشیان لە جموجۆڵ خست، لە ئێستادا فەرماندەیەکی هێزی پێشمەرگە لە شنگال دەڵێت: "بۆ گرتنەوەی یەکجارەکی شنگال چاوەڕوانی فەرمانین".
فەرماندەی پێشمەرگە لە شنگال (قاسم شەشۆ) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كورستانی گوت، لە شنگال و دەوروبەریدا هەندێجار تیرۆریستانی داعش هێرش دەكەنە سەر هێزەكانی پێشمەرگە، بەڵام بە هۆی ئەوەی هێزەكانی پێشمەرگە هەموو بەرزاییەكان و شوێنە ستراتیژییەكانی بە دەستەوەیە هەر جارێك تیرۆریستان ویستبێتیان پێشڕەوی بکەن، بەسەر شۆڕی گەراونەتەوە، شەوی رابردوویش كاتێك كە هێرشیان كردە سەر هێزەكانی پێشمەرگە، هەر زوو هێرشەكە تێكشكێنرا و، زیاتر لە ١٢ تیرۆرست كوژران و ٢٨ دیكەشیان لێ بیریندار بوون.
(شەشۆ) ئاماژەیشی کرد کە، ئێستا زیاتر لە ٣٠%ـی شنگال بە دەستهێزەكانی پێشمەرگەوەیە، بۆیە پێشمەرگە هەر كاتێك هێرش بكات، بەشەكەی دیكەیش كۆنتڕۆڵ دەكاتەوە، بەڵام بە هۆی ئەوەی کە فەرمانی هێرشکردنمان پێنییە تا ئێستا پێشڕەویمان نەکردووە، داوا لە (سەرۆك بارزانی) دەكەین فەرمانمان پێبكات، بۆ ئەوەی تەواوی شنگال لە تیرۆرستان پاكبكەینەوە و دووبارە ژیان بۆ ناوچەكە بگەڕێنینەوە.
رابین شێروانی




