فازڵ میرانی: پێویستە لە پشت حکوومەتی خۆمانەوە بین و، هێمنی و ئارامی بەرانبەر کەموکورتییەکان بنوێنین
پیرمام-KDP.info- سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتیی دیموکراتی کوردستان (فازڵ میرانی) لە پێشوازی سکرتێری حزبی شیوعی کوردستان (کەمال شاکر) رایگەیاند کە، هەموومان پێویستە لەپشت حکوومەتی خۆمانەوە بین، هێمنی و ئارامی بەرانبەر کەموکورتییەکان بنوێنین؛ هەروا کەموکورتییەکان دەستنیشان بکەین و بە پڕۆگرامێکی تۆکمە لە بەرژەوەندی کوردستان و نەوەکانی دوارۆژدا چارەیان بکەین..لای خۆیشیەوە سکرتێری حزبی شیوعی و شاندی یاوەری، ئامادەییان بۆ هەر ئەرکێکی نیشتمانی دەربڕی کە پێیان بسپێردرێت.
سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتیی دیموکراتی کوردستان (فازڵ میرانی) ئەمڕۆ لە سەلاحەددین پێشوازی لە سکرتێری حزبی شیوعی کوردستان (کەمال شاکر) و شاندی یاوەری کرد.
لە دانیشتنەکەدا هەریەک لە (مەحمود محەمەد)، (کەریم شنگالی) و (رێبوار یەڵدا) ئەندامانی مەکتەبی سیاسی پارتیی دیموکراتی کوردستان و؛ ئەندامی یەدەگی مەکتەبی سیاسی (رەمزی شەعبان) و ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتیی (ئەحمەد کانی) بەشدار بوون.
لە دەسپێکدا سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتیی دیموکراتی کوردستان (فازڵ میرانی) وێڕای ئەوەی بە خیڕهاتنی سکرتێری حزبی شیوعی و شاندی یاوەری کرد، خۆشحاڵی بەو دیدارە دەربڕی، باسێکی مێژووی پێوەست بە پێوەندی نێوان پارتیی و شیوعی کرد کە لە گشت قۆناخەکاندا پارتی و شیوعی هاوهەڵوێست و هاوڕابوون و؛ پێوەندییەکانی نێوانیشیانی بەرز نرخاند.
(فازڵ میرانی) رۆشنای خستە سەر، فیداکاری و قارەمانێتی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بەرانبەر تیرۆریستانی داعش و؛ بە پێویستی زانی کە بۆ دژایەتی داعش کورد یەکهەڵوێست بێت، هەروا بە پێویستی زانی کە هەموو لایەک هەست بە بەرپرسیارەتی ئەمقۆناخە ترسناکە بکات، هەموومان پێویستە لەپشت حکوومەتی خۆماندا بین، هێمنی و ئارامی بەرانبەر کەموکورتییەکان بنوێنین؛ هەروا کەموکورتییەکان دەستنیشان بکەین و بەپڕۆگرامێکی تۆکمە لە بەرژەوەندی کوردستان و نەوەکانی دوارۆژدا چارەیان بکەین.
لای خۆیشیەوە سکرتێری حزبی شیوعی کوردستان (کەمال شاکر) سوپاسگوزاری و خۆشحاڵیی خۆی بۆ مەکتەبی سیاسیی پارتیی دیموکراتی کوردستان دەربڕی بۆ رەخساندنی ئەو دیدارە و پێوەندی نێوان پارتی و شیوعی بە مێژووی ناو برد.
هەروا پێوەست بە رەوشی ناوخۆییەوە رایگەیاند کە، کورد لەو قۆناخەدا پێویستی بە یەکڕیزی زیاتر هەیە بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە و هەنگاونان بەرە و ئاسۆیەکی روون و سەقامگیرتر لە هەر قۆناخێکی دیکە.
هەروا بە ناڕەوای زانی کە حکوومەتی عێراق مووچەی خەڵکی بڕیوە لەکاتێکدا خەڵک دژی حکوومەتی هەرێم حۆپیشاندان دەکات و بە پێویستی زانی خەڵکی کوردستان ئەمە لەبەر چاو بگرێت.
لە کۆتاییدا سکرتێری حزبی شیوعی و شاندی یاوەری، ئامادەیی خۆیان دەربڕی بۆ هەر ئەرکێکی نیشتمانی کە پێیان بسپێردرێت.




