جەلەولا..هیچ کردەیەکی خۆکوژی لەو سنوورەدا رووی نەداون
جەلەولا-KDP.info-کەمێک پێش ئێستا لە هەندێ کەناڵی مێدیایی وا بڵاوکرایەوە کە؛ خۆکوژێک لە جەلەولادا خۆی تەقاندووەتەوە و بەو هۆیەوە زیان بە هێزەکانی پێشمەرگە گەیشتوون، بەڵام بەرپرسی لقی 15ـی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین ئەو دەنگۆیە رەتدەکاتەوە و دەڵێ، " لەجەلەولا و سنوورەکەیدا هیچ کردەیەکی خۆکوژی تیرۆریستان رووینەداون، ئەوەی گوتراوە تەنیا دەنگۆبووە و هەواڵەکە راست نییە".
بەرپرسی لقی 15ـی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین (شێخ جەعفەر شێخ مستەفا) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی گوت، دوای ئەوەی کە دەنگۆیەک بڵاوکرایەوە کە گوایە خۆکوژێک لەجەلەولا خۆی بە کاروانێکی ئۆتۆمبێلەکانی هێزی پێشمەرگە تەقاندووەتەوە، ئێمە رایدەگەیەنین کە ئەم هەواڵە دەنگۆیە و راست نییە؛ هیچ خۆکوژێک لە جەلەولا و سنوورەکەیدا خۆی نەتەقاندووەتەوە.
(شێخ جەعفەر شێخ مستەفا) دەشڵێت، ئەوەی ئەمڕۆ لە سنووری جەلەولا روویدابێت تەنیا بۆمبێکی کۆن تەقیوەتەوە، ئەگەرنا هیچ کردەیەکی خۆکوژی تیرۆریستان لەو سنوورە رووی نەداون.
بەرپرسی لقی 15ی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین ڕوونیشی کردەوە، رێگە نادرێت ھیچ کەسێکی مەدەنی بچێتە جەلەولا، جا چمای ئەو دەنگۆیە راست بێت کە؛ خۆکوژێک لەوێدا خۆی تەقاندبێتەوە.
بڵند ئیبراھیم




