حەسەن شام.. پێشمەرگە لە سێ قۆڵەوە تیرۆریستانی داعشیان تێك شكاندن

حەسەن شام-KDP.info- بەرپرسی جموجۆڵی سوپای چوار لە قۆڵی حەسەن شام رایگەیاند، هێزەكانی پێشمەرگە لە سێ قۆڵەوە توانییان هێرشی تیرۆریستانی داعش تێك بشكێنن و چەندین لاشەیان پێ جێ هێشتوون و زوو تێك شكێنران.
بەرپرسی جموجۆڵی سوپای چواری هێزی زێرەڤانی لە میحوەری حەسەن شام عەقید (ئاراس عومەر) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، لە سێی بەرەبەیانەوە، تیرۆریستانی داعش لە سێ قۆڵەوە هێرشیان هێنا بۆ سەر سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگە، بەڵام دەستبەجێ لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە و لە هەرسێ قۆڵەوە تێك شكێندراون و زیانی زۆریان لێ داون.
(ئاراس عومەر) گوتیشی: بۆ ئەو هێرشانەیان تیرۆریستانی داعش سوودیان لە كەش و هەوا وەرگرتبوو، بەڵام هێزەكانی پێشمەرگە هەمیشە و بۆ هەر ئەگەرێک لە ئامادەباشیدان.
دەربارەی ئەو زیانەیشی بە داعشیان گەیاندووە ئەو زیاتر گوتی: "لەبەرئەوەی شوێنەكەمان زۆر تەم و مژاوییە، ناتوانین ئاماری تەواوی كوژراوی تیرۆریستانی داعش بڵێین، بەڵام چەندین لاشەیان لێ بەجێ ماون."
نەشوان بەرزنجی




