تیرۆریستان لە چوار قۆڵەوە تێک شکێندران.. کوژراویان زۆرە و یەکێکیان ئەمیرە

مەخموور-KDP.info- فەرماندەیەکی ھێزی پێشمەرگە لە میحوەری مەخمور ئاشکرای کرد، بەیانیی ئەمڕۆ تیرۆریستانی داعش لە چەند قۆڵێکەوە ھێرشیان کردە سەر ھێزی پێشمەرگە، بەڵام بە توندی رووبەڕوویان بوونەوە، لە ئاکامدا هێرشەکەیان تێک شکێندرا و زیانی زۆریشیان پێگەیەندرا و چەندان تەرمیان پێ جێ هێشتوون و یەکێکیان پلەی ئەمیرە.
عەقید(سەلیم سورچی) بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی جەختی کردەوە: "هێرشەکانی ئەم بەیانییە لە میحوەری مەخموور لە ناحیەی باقرتەوە بوو؛ تیرۆریستان لە چوار قۆڵەوە ھێرشیان هێنایە سەرھێزی پێشمەرگە، بەڵام بە توندی بەرپەرچ درانەوە و ھێرشەکانیان تێک شکێندران."
عەقید(سەلیم سورچی) گوتیشی، لەو ھێرشەدا ژمارەیەکی زۆری تیرۆریستان کوژراون و تەرمی چوار تیرۆریست و ئەمیرێکیان بە ناوی(ئەبو محەممەد میسری) کەوتووەتە دەست ھێزی پێشمەرگەوە.
(سورچی)روونیشی کردەوە، لەئێستادا شەڕەکە بە شکستی تیرۆریستان کۆتایی ھاتووە و رەوشەکە ئارام بووەتەوە.
بڵند ئیبراھیم




