٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پشكی كورد لە بودجەی عێراقدا ١٣ ترلیۆن دینارە.. لە بەرژەوەندیی كورد یەكلا كرایەوە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info-ئەمشەو پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق پەسەند كرا كە بڕەكەی ١١٩ ترلیۆن دینارە و پشکی هەرێمی كوردستانیش ١٣ترلیۆن دینارە.. ئەندامێكی لیژنەی داراییش دەڵێت، ئەو پڕۆژەیاسایە لە بەرژەوەندیی هەرێمی كورستان یەكلا بووەتەوە.

ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (سەرحان سلێڤانی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت، پڕۆژەیاسای بودجە پەسەند كرا و كۆی داواكارییەكانی هەرێمی كوردستانیشی تێدا جێگیر كراون و؛ پشکی هەرێمی كوردستانیش لە كۆی ١١٩ ترلیۆن دینار، ١٣ترلیۆن دینارە.
(سلێڤانی) گوتیشی، پڕۆژەیاساكە لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان یەكلا بووەتەوە، چونكە داواكارییەكانی هەرێمی تێدا جێگیر كراون.

لای خۆیەوە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فڕاكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان (ئەشواق جاف)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت، "لیستی دەوڵەتی یاسا زۆر هەوڵی دا بۆ ئەوەی تەواوی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە رەوانەی دەرەوە بكرێت، بەڵام ئێمە رازی نەبووین، بۆیە لە ئێستادا تەنیا ٥٥٠ هەزار بەرمیل نەوت لە رێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە رەوانەی دەرەوە دەكرێت".
(ئەشواق جاف) ڕوونیشی كردەوە، ئەو نەوتەی دیكەی هەرێم كە سەربەخۆ دەیفرۆشێت، داهاتەكەی دەداتەوە قەرزەكانی، چونكە هەرێم قەرزی كردووە.
(جاف) هەروەها راشیگەیاند، بەشە بودجەی هێزی پێشمەرگەیش جێگیر كراوە و؛ لە بەشە بودجەی وەزارەتی بەرگریی عێراق دەدرێت.

لە لایەكی دیكەیشەوە، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فڕاكسیۆنی پارتی (رێناس جانۆ) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، لە یەكێك لە ماددەكانی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراقدا هاتووە كە، ئەو موستەحەقانەی هەرێمی كوردستان لای بەغدای هەیەتی یاخود بە پێچەوانەوە، لە رێگەی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم و بەغداوە چارە دەكرێن.
(جانۆ) گوتیشی، "رێگەمان نەدا ئەو بڕگەیە زیاد بكرێت كە باس لەوە دەكرا پێویستە هەموو نەوتی هەرێم لە رێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە رەوانەی دەرەوە بكرێت.
پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بە رێككەوتنی نێوان فڕاكسیۆنەكان پەسەند كرا و بڕەكەیشی ١١٩ترلیۆن دینارە، هەروەها پشکی هەرێمی كوردستانیش ١٣ترلیۆن دینارە. هەرچی بڕی كورتهێنانیشە ٢٣ ترلیۆن دینارە، جگە لەوەیش نرخی یەك بەرمیل نەوت لەم پڕۆژەیاسایەدا بە ٥٦ دۆلار دیاری كراوە و؛ پێویستە رۆژانەش عێراق سێ ملیۆن و٥٠٠ هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بكات و؛ لەم بڕەش هەرێمی كوردستان٢٥٠هەزار بەرمیل نەوتی خۆی و٣٠٠هەزار بەرمیل نەوتی كەركووك رادەستی بەغدا بكات.
بڵند ئیبراهیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار